گوتەبێژی حکوومەتی ئێران: تا هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام بن، گفتوگۆی ئەتۆمی ناکرێت

فاتمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت: بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل دانوستانەکان بێ مانا دەکات، هەربۆیە تاران بیر لە درێژەدان بە دانوستانەکانی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکا ناکاتەوە، مەگەر ئیسرائیل کردە سەربازییەکانی ڕابگرێت.
گوتەبێژی حکوومەتی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی دووپاتیکردووەتەوە، وزەی ئەتۆمی بەلای ئێران مانای جەنگ نییە، بەڵکو مانای ژیانە، هەربۆیە حکوومەت و گەلی ئێران تەواو ئامادەن بۆ بەرگریی لە خۆیان، هاوکات سوپای ئێران بەردەوام ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوە و ڕێگری لە هێرشەکانی ئیسرائیل.
موهاجیرانی دەڵێت: لە چەند ساڵی ڕابردوودا دوو ئەزموونی دژوارمان هەبووە، یەکەمیان لە ساڵی 2018 بوو، کە دۆناڵد ترەمپ لە ڕێککەوتنی 5+1 تاکلایەنە کشایەوە، دووەمیش ئەم هێرشانەی ئیسرائیلە، تا ئێستا بیر لەوە دەکەینەوە ئیدارەی ئەمەریکا ئاگاداربووە لەو هێرشە یاخود نا.
جەختیشی کردەوە، هەر کاتێک هێرشەکان وەستان، ئەوکاتە بیر لە دەست پێکردنەوەی دانوستان دەکەنەوە.
تاوەکوو ئێستا پێنج گەڕی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئێران و ئەمەریکا بە نێوەندگیری سەڵتەنەی عوممان بەڕێوەچووە، بڕیاربوو، گەڕی شەشەمی دانوستانەکان یەکشەممەی هەفتەی ڕابردوو لە مەسقەت بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی بەرە بەیانی هەینی 13ی ئەم مانگە بۆ سەر ئێران، بووە هۆکاری دواخستنی دانوستانەکان بۆ کاتێکی نادیار.