سوپای پاسدارانی ئێران: شەڕی ئێمە ئێستا دەست پێ دەکات

سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێگەی پلاتفۆڕمی ئێکسی خۆی ڕایگەیاند، شەڕی ئێمە ئێستا دەست پێ دەکات. ئەوەش دوای بۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە.

ئەمە یەکەم لێدوانی سەربازیی دەسەڵاتدارانی ئێرانە دوای چەند کاتژمێرێک لە بۆمبارانکردنی سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێرانی لەلایەن ئەمەریکاوە کە بریتین لە فۆردو، نەتەنز و ئەسفەهان.

دوابەدوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیران، هێزە چەکدارەکانی ئێران هێرشێکی مووشەکییان کردە سەر ئیسرائیل و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە هێرشی ئاسمانی لە سەرجەم ئیسرائیل لێ درا.

 بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "ڕووداوەکانی ئەم بەیانییە قێزەونن و لێکەوتەی ترسناکیان دەبێت."

 ناوەندی سەلامەتیی ئەتۆمی ئێران پشتڕاستی کردەوە، هیچ نیشانەیەکی پیسبوونی تیشکدەر دەستنیشان نەکراوە، هەروەها هیچ مەترسییەک لەسەر دانیشتوانی ناوچەکانی نزیک لە شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران نییە، کە شەوی ڕابردوو لەلایەن ئەمەریکاوە بۆمباران کراون.  بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی سوپای ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکای بەرز نرخاند و جەختی لەوە کردەوە کە "هێز لە پێش هەموو شتێکەوەیە، دواتر ئاشتی دێت."

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر  تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندن باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون. تائێستاش هێرشەکان بۆ سەر یەکتر بەردەوامە.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment