گۆتێرێز: نیگەرانم لە بەکارهێنانی هێز لەلایەن ئەمەریکاوە دژ بە ئێران

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بەکارهێنانی هێز لەلایەن ئەمەریکاوە دژ بە ئێران، دەربڕی.
گۆتێرێز دەڵێت: من زۆر نیگەرانم لە بەکارهێنانی هێز لەلایەن ئەمەریکاوە دژی ئێران، ئەوەی ڕووی دا، پەرەسەندنێکی مەترسیدارە لە ناوچەکە و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی پێک دەهێنێت.
ئەمینداری گشتیی نەتەوەیە گرتووەکان دەشڵێت: مەترسی ئەوە هەیە، ئەم ململانێیە بە خێرایی لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەربچێت و دەرئەنجامە ترسناکەکانی بۆ خەڵکی مەدەنی و ناوچەکە و جیهان ببێت. ئەمە بە هیچ کردەیەکی سەربازیی چارە ناکرێت و تاکە ڕێگە بۆ ئاشتی، هەوڵی دیپلۆماسییە."
بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کرد و بە سەرکەوتنێکی سەرنجڕاکێشی سەربازی وەسف کرد.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندن باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون. تائێستاش هێرشەکان بۆ سەر یەکتر بەردەوامە.