ڕاوێژکاری ئەڵمانیا داوا لە ئێران دەکات بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ

فرێدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا
فرێدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، داوای لە ئێران کرد، لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریکا دەست بە دانوستان بکات و بە شێوەی دیپلۆماسی جارەی کێشەکان بکات.

دوا بە دوای هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، فرێدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لەگەڵ کابینەی ئاسایشی حکوومەتی ئەڵمانیا کۆبوەوە، لە میانەی کۆبوونەوەکەدا داوایەکی ئاراستەی ئێران کرد، کە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریکا دەست بە دانوستان بکات و بە شێوەی دیپلۆماسی چارەی کێشەکان بکات. 

مێدیاکانی ئەڵمانیا بڵاویان کردەوە، حکوومەتی ئەڵمانیا گریمانە دەکات کە بەشی زۆری بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکان زیانی پێگەیشتبێت، بەڵام وەک خۆیان ئاماژەی پێ دەکەن ئێستا ناتوانرێت هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ زیانەکان بکرێت.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆلف موتزینیچ، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکان، نیگەرانە لەوەی کە ئەو هێرشەی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ببێتە هۆی نائارامی و شەڕی زیاتر لە ناوچەکە.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانـیان لە ئێران بۆمباران کرد. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ڕایگەیاند: هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان.

گوتیشی: پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین، هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات، ئێستا کاتی ئاشتییە.

 
Fly Erbil Advertisment