سوپا سالاری ئەمەریکا: زیاتر لە 125 فڕۆکەی ئەمەریکی لەوهێرشە بەشداریانکردووە

سوپا سالاری ئەمەریکا دەڵێت: هێرشەکان بەکەمترین پەیوەندی ئەنجامدراون و فڕۆکەوانەکان 18 کاتژمێر بە فڕۆکە فڕین تاوەکوو گەیشتنە شوێنی مەبەست.

یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، جەنەراڵ دان کەین، سوپا سالاری ئەمەریکا لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند: هێرشەکانمان کاریگەر و هەستیار بوون و بەشێوەی سوپرایز هێرشەکان ئەنجامدراون، فڕۆکەوانەکان 18 کاتژمێر بە فڕۆکە فڕین تاوەکوو گەیشتنە شوێنی مەبەست و چەند جارێک سووتەمەنیان لە ئاسمان وەرگرت.

سوپا سالاری ئەمەریکا گوتی: چەند فڕۆکەیەک بۆ پشتیوانی لە فڕۆکەی b-2 گەیشتنە شوێنی مەبەست، هێرشەکان بە کەمترین پەیوەندی ئەنجامدراون، کاتژمێر پێنجی ئێوارە بەکاتی ئەمەریکا فڕۆکەکان گەیشتنە ئەو شوێنەی دیاریکرابوو.

جەنەراڵ دان کەین، گوتیشی: فڕۆکەکان بەخێرایەکی بێ وێنە و لە دوورییەکی زۆرەوە کارەکانیان ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی دووربن لە هەر مووشەکێک کە بکرێتە سەریان.

سوپا سالاری ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد، لە هێرشی دووەم 14 مووشەک ئاراستەی دوو ئامانجی ئەتۆمی کراوە، کاتژمێر 6:40 و 7:5 بەکاتی ئەمەریکا هێرشی سێیەمان کردە سەر بنکەی ئەتۆمی لە ئەسفەهان و هیچ فڕۆکەیەکی ئێرانی لە ئاسمانی وڵاتەکەی نەفڕی و بۆمبی   Gb-7 بەکارهاتووە کە یەکەمجارە بەکاردێت.

دان کەین باسی لەوەش کرد، زیاتر لە 125 فڕۆکەی ئەمەریکی لەوهێرشە بەشداریانکردووە لەگەڵ دەیان فڕۆکەی سووتەمەنی و هێزەکانمان ئامادەن بۆ هەر هیرشێک کە لەلایەن ئێرانەوە بکرێتە سەریان.

دان کەین، جەختی لەوەکردەوە، هیچ لایەنێک ئاگاداری هێرشەکان نەبوو.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی "ئێمە، هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن.  بارێکی تەواو لە بۆمب  بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە واتە فۆردۆ، خرایە خوارەوە."

 

 
 
 

Fly Erbil Advertisment