ئیسماعیل بەقایی: ڕێگەچارەی دیپلۆماسی کۆتایی نەهاتووە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەمەریکا سیستەمی خۆسەپێنی پەیڕەو دەکات، هەر دەرئەنجامێکیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو بدات، ئەوا لێی بەرپرسیارە. دووپاتیشی کردەوە، ڕێگەچارەی دیپلۆماسی کۆتایی نەهاتووە.
یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، لە دوای هەڕەشە و لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ کە دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کە گوتبووی، "دەبێت ئێستا ئێران ڕێککەوتن بکات"، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاگەیاند: هێرشکردنە سەر وڵاتێک و دواتر هەڕەشەیان لێ بکەی بە تەواویی سیستەمێکی خۆسەپێنییە.
هەروەها ئاماژەشی دا، هێرشەکانی ئەمەریکا مەترسییەکی جددیە بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە ئێستا هەموویان بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وەکوو کەسێکی سەرکەتوو دەبینن، بە تایبەت کە توانی ئەمەریکا بهێنێتە نێو جەنگەکە.
گوتیشی: پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ دراوسێیەکانمان و وڵاتانی ئیسلامی هەیە، کە هەموویان بە یەکگرتووی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمەریکایان کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد، ئەمەریکا و ئیسرائیل بەرپرسیارن لە هەر دەرئەنجامێک کە لە داهاتوودا ڕوو دەدات.
ئیسماعیل بەقایی جەختیشی کردەوە، ڕێگەچارەی دیپلۆماسی هەرگیز کۆتایی نایەت، ئەمە یاسا و بنەمایی ئێرانییەکان کە هەرگیز دانوستان جێ ناهێڵێت، بەڵام ئەوەی ئێمە ئێستا دەیبینین خیانەتی دیپلۆماسییە.
هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی "ئێمە، هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن. بارێکی تەواو لە بۆمب بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە واتە فۆردۆ، خرایە خوارەوە."
لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی ترەمپدا هاتووە "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان. پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین. هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە."
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.