ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، سەرکۆنەی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران دەکات

ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، سەرکۆنەی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات و نیگەرانی خۆشی لە پەرەسەندنی گرژییەکان دەردەبڕێت.

یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا، سەرکۆنەی هێرشی ئەمەریکای بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، نیگەرانی خۆمان لەبارەی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکە دەردەبڕین.

ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، دەڵێت: لێژنەیەک پێکهێنراوە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بۆ پشتگیریکردن لە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانـیان لە ئێران بۆمباران کرد. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ڕایگەیاند: هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان.

گوتیشی: پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین، هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات، ئێستا کاتی ئاشتییە.

 
Fly Erbil Advertisment