عێراق و تورکیا پرسی قەیرانی ئاو و هەناردەکردنی نەوت تاوتوێ دەکەن

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

عێراق و تورکیا، جەختان لە گرنگی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش بۆ سنووردارکردنی فراوانبوونی ململانێکان کردەوە. هاوکات باسیان لە پرسی قەیرانی ئاو و هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی خاکی تورکیاوە کرد.

یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەراوێزی 51ـەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە ئیستانبوڵ، لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆ بووەوە.

بە پێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و هاکان فیدان، لەژێر ڕۆشنایی ئەو پەرەسەندنەی کە لە ئەنجامی شەڕی دژی ئێران و بە ئامانجکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانەوە هاتووەتەو ئاراوە، پێداچوونەوەیان بە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد.

هاوکات هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەهێزکردنی هاوکاری هاوبەش بۆ سنووردارکردنی فراوانبوونی ململانێکان، هەروەها پێویستی پاڵپشتیکردنی دەستپێشخەرییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکە و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان کردووەتەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، فوئاد حوسێن لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی باسی لە پرسی بەردانەوەی ئاو بۆ ناو عێراق کرد و ئاماژەی بە کەمبوونەوەی بەرچاوی بڕی ئاو کرد لەلایەن تورکیاوە دێت.

لەم بارەیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا، بەڵێنی دا دەستوەردان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی بکات بۆ بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی هەردوولا گەرەنتی بکات.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کە هەردوولا باسیان لە پرسی هەناردەکردنی نەوتی عێراق کرد لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە، بۆ ئەم مەبەستەش جەختیان لە گرنگی خێراکردنی هەماهەنگی تەکنیکی و کارگێڕی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیییەوە کردەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment