ئەمەریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری توند دەداتە ئێران

دۆرۆسی شەی: هێرشی سەر هاووڵاتیان و بنکەکانی ئەمەریکا وەڵامی توندمان دەبێت

دۆرۆسی شەی، نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان
دۆرۆسی شەی، نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان

نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت: ئەگەر ئێران ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا یان هاووڵاتیانی ئەمەریکی، ئەوە وەڵامەکەی ئەمەریکا توند و وێرانکەر دەبێت.

دۆرۆسی شەی، لە کۆبوونەوەی بە پەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە سەر هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڕێوەچوو، گوتی: ئەمەریکا لە چوارچێوەی پشتیوانی لە ئیسرائیل، هێرشی کردەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

گوتیشی: ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ لەنێوبردنی سەرچاوەیەکی لە مێژینەی تێکدانی ئاسایشی جیهانی بوو.

ڕاشیگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە بۆ پشتیوانی بوو لە ئیسرائیلی هاوپەیمانمانی واشنتن، ئەمەش لە چوارچێوەی جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بووە کە مافی بەرگری لەخۆ بە ئەمەریکا دەدات.

نوێنەرەکەی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی: 40 ساڵە ڕژێمی ئێران دروشمی مەرگ بۆ ئەمەریکا و مەرگ بۆ ئیسرائیل دەڵێتەوە، هاوکات هەڕەشەیەکی بەردەوامە لەسەر ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و ئەمەریکا و تەواوی جیهان.

دۆرۆسی شەی لە گوتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش گوتی: ئێران ماوەیەکی زۆرە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی قۆزتۆتەوە و لە دانوستانەکانی ئەم دواییانەشدا هەموو هەوڵێکی نیازپاکی دوادەخست، هەربۆیە دواجار ئەمەریکا ناچار بوو بۆ بەرگریکردن لە هاوپەیمان و هاووڵاتیانی و بەرژەوەندییەکانی، هەڵویستی یەکلاکەرەوەی هەبێت.

ڕاشیگەیاند، نابێت ڕژێمی ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت و نابێت ئێران گرژییەکان لەوەی هەیە، زیاتر و فراوانتر بکات.

وەک بیرهێنانەوەیەک و هۆشداریدانە ئێران، نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بە قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەی کرد و گوتی: هەر هێرشێکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئەمەریکییەکان و بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا، وەڵامێکی توند و وێرانکەری بە دوا دادێت.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment