کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان وادەی تۆمارکردنی کاندیدەکانی درێژ کردەوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند بۆ جاریی کۆتایی وادەی وەرگرتنی داواکاریی تۆمارکردنی کاندیدەکان درێژ کرایەوە.
دووشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، وادەی وەرگرتنی داواکاریی تۆمارکردنی کاندیدەکان تاوەکوو کۆتایی دەوامی فەرمیی ڕۆژی پێنجشەممە، 26-6-2025 درێژ کرایەوە.
کۆمیسیۆنی باڵا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە دوا درێژکردنەوەی ئەم وادەیەیە و چیدیکە درێژ ناکرێتەوە.
پێشتریش کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، ڕایگەیاندبوو، بە پشتبەستن بە ماددەی 20 لە یاسای هەڵبژاردن، ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی هەموار کراو، تۆماری دەنگدەران و فۆرمەکانی نوێکردنەوەی داتای دەنگدەران لە بنكەکانی تۆمارکردن لە 22-6-2025 تا 28-6-2025 نمایش دەکرێت.
هەر ناڕەزایەتیەک هەبێ لە داتاکان لەوماوە دیاری کراوە دەتوانرێت تانە و ناڕەزایەتی پێشکەش بکرێت.
9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردبووەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.