سوپای پاسداران: بە مووشەکی خەیبەر شکێن دوو هێرشمان کردە سەر ئیسرائیل

فەرماندەیی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران شەپۆلێکی دیکەی هێرشی مووشەکی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل ئەنجامدا و ڕایگەیاندووە، لە هێرشەکەدا مووشەکی خەیبەر شکێنی دوو بەکارهێنراوە، کە خاوەنی تایبەتمەندیی وردی پێکاندنی ئامانجەکان و خۆ دزینەوەی لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی هەیە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، حەڤدەهەمین ڕاگەیەندراوی فەرماندەیی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی بڵاوکردووەتەوە، کە بەرە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 23ی حوزەیرانی 2023، بە هەڵدانی ژمارەیەک مووشەک بەرەو ئیسرائیل، شەپۆلی 21یەمین ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستگۆیی3 (وعدە صادق3) جێبەجێکراوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی فەرماندەییەکەی سوپای پاسداران، ناوەندی فەرماندەیی بەرەی باکووری سوپای ئیسرائیل لە شاری سەفد، یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی هێرشە مووشەکییەکەی ئەمڕۆ بووە.

هەروەها ئاماژەیداوە، ئەم هێرشەی ئەمڕۆ درێژکراوە هێرشەکانی دیکە بوون بۆ سەر دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل و ناوەندی هەواڵگریی موساد و بنکەی ئاسمانی نێڤاتیم لەگەڵ چەند دامەزراوەیەکی دیکەی پیشەسازی سەربازی سوپای ئیسرائیل.

سوپای پاسداران ئاماژەیداوە، هێرشەکەی بەرە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە پیشاندانی توانا و تەکنیکی هێرشی نوێی ئێرانە، کە جگە لە بە ئامانجگرتنی تەلئەڤیڤ و حەیفا، هێرشەکان بۆ سەرتاسەری ئیسرائیل فراوان دەکەن، کە تێیدا مووشەکی خەیبەر شكێنی دوو بەکار هێنراوە.

هەروەها ئاماژەیداوە، مووشەکی خەیبەر شکێنی دوو توانای دەربازبوونی لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی هەیە و لە پێکاندنی ئامانجەکانیش وردترە.

مووشەی خەیبەر شکێن بە خێرایی حەوت ماگ، توانای بڕینی دووری هەزار و 450 کیلۆمەتری هەیە، تەنیا کڵاوەی مووشەکەکە 500 کیلۆگرامە و سەرچاوەی هەڵدانەکەشی سووتەمەنی ڕەقە. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment