ناشنال ئینترێست: ململانێی نێوان ئەمەریكا و ھەر یەك لە چین و رووسیا عێراق بۆ واشنتن گرنگ دەكات
رووسیا ھەرچەندە " ئارام" بە دیار دەكەوێ بەڵام یارییەكی جیۆسیاسی فراوان ئەنجامدەدات

K24 - ھەولێر:
ئەمەریكا بە سەدان ملیار دۆلاری لە عێراق وەبەرھێناوە، وێڕای ئەمەش ئێستا كەوتووەتە بەرامبەر ئاڵنگاری ھەوڵەكانی رووسیا بۆ ئەوەی بە خشكەییەوە بێتە ناو گۆڕەپانی عێراق و ئەمەش واشنتن ناچار دەكات رێكاری توند وەرگرێت.
گۆڤاری "ناشنال ئینترێست" لە شیكردنەوەیەكی ئانا بۆرشفسكایا دەڵێت: رووسیا ھەرچەندە "ئارام" بە دیار دەكەوێت، بەڵام یارییەكی جیۆسیاسی فراوان ئەنجامدەدات. لەو راپۆرتەیەدا ئاماژەیكردووە، رووسیا بە ھێوری بەردەوام دەبێت لە ململانێكردن لە سەر ھەژموون لە عێراقدا.
مۆسكۆ لەو كاتەوە، كە دژایەتی رووخاندنی رژێمی سەدامی كرد لە ھەوڵی گەڕانەوەیە بۆ عێراق.
بەرژەوەندییەكانی مۆسكۆ لە عێراق وەك ھەر جێگایەكی دیكەیە جیھانە بۆ بەرپەرچدانەوەی سەركردایەتیكردنی واشنتن بۆ سیستەمی جیھانی.
بەپێی قسەكانی نووسەر، كرملین لە ساڵی 2008 ھەندێك سەركەوتنی بەدەستھێنا، دوای ئەوەی ڤلادیمێر پوتن لە زۆربەی قەرزەكانی رووسیای سەردەمی یەكێتی سۆڤییەت لە سەر عێراق خۆشبوو، كە 12.9 ملیار دۆلار بوو، بەرامبەر بە گرێبەستێكی پترۆڵی بە بەھای 4 ملیار دۆلار.
لە ساڵی 2012، ھەردوو كۆمپانیای "لوك ئۆیل" و "غازپرۆم نەفت" بە رێگای ھەرێمی كوردستانەوە چوونە ناو بازاڕی وزە لە عێراقدا.
بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا و بە تایبەتی لە ساڵی 2014وە ھەوڵەكانی رووسیا زیادیكرد، كاتێك عێراق پێویستیی بە ھاوكاری بەپەلە ھەبوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێكخراوی تیرۆرستی داعش. دوای دوو ساڵیش گەورەترین شاندی رووسی لەماوەی رابردوودا سەردانی عێراقی كرد بەمەبەستی گفتوگۆكردنی زیاتر لە سەر ھاوكاری ئەمنی.
دواتر وەبەرھیێنانی زیاتری لەبواری وزەدا ئەنجامدا لە عێراق و ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا چەند گرێبەستێكی چەكیشی ئەنجامدا.
نووسەر لە ئهنجامدا دەڵێت: لەگەڵ گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەیكا بەرەو ململانێی زلھێزەكان لەگەڵ رووسیا و چین، عێراق بۆ ئەمەریكا گرنگە وەك ھاوبەشێكی ستراتیجی.
ئاماژەشیكرد، واشنتن زۆر وەبەرھێنانی بۆ ماوەیەكی درێژ لە عێراق كرد، بەشێوەیەك، كە ناكرێت ئێستا دەستبەرداری ببێت.