قەتەر ئاسمانیی وڵاتەکەی داخست

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕاگەیاند، لەپێناو سەلامەتی هاووڵاتییان و گەشتیاران، بەشێوەیەکی کاتی گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی ڕادەگرێت و ئاسمانی وڵاتەکەی دادەخات.

دووشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕاگەیاندووە، بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی هاووڵاتیان و گەشتیاران، دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان بریاریاندا بە ڕاگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان بەشێوەیەکی کاتی.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام چاودێری بارودۆخەکە دەکەن و هەڵسەنگاندن بۆ ئەگەری ڕوودانی هەر پێشهاتێک دەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، جەخت لە سەلامەتی سەرجەم هاووڵاتییان و گەشتیاران دەکاتەوە، هەروەها ئاماژەیداوە، هەر ڕێککارێک پێویست بێت لەپێناو پاراستنی گیانی گەشتیاران و هاوولاتییانی قەتەر دەیگرنەبەر.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەگەری هەیە ئێران لە 48 کاتژمێری داهاتوو وەڵامی ئەمەریکا بداتەوە و هەروەها ئاژانسەکە لەسەر زاری دوو سەرچاوەی دیکەی ئەمەریکی ئاماژەی داوە، ئەمەریکا هەڵسەنگاندنی بۆ ئەوە کردووە کە ڕەنگە ئێران بەم نزیکانە هێرش بکاتە سەر بنکە سەربازییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment