ئیندۆنیزیا سەیرترین سزا بۆ ئەو كەسانە دادەنێت كە بەبێ دەمامك دێنە دەرەوە
"تابووتی مەرگ ئامادەیە"

K24 - هەولێر:
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و زیادبوونی ژمارەی توشبوون و مردن بە ڤایرۆسەكە، دەسەڵاتدارانی ئیندۆنیزیا سەیرترین و نامۆترین سزا بەسەر ئەو كەسانەدا دەسەپێنن كە بەبێ دەمامك دێنە دەرەوە و شوێنە گشتییەكان.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، پۆلیسی ئەو وڵاتە تابووتیان لە شوێنە گشتییەكانی جاكارتای پایتەخت داناوە، هەر كەسێك بەبێ دەمامك لە شوێنە گشتییەكان ببینرێت، دەبێت بچێتە ناو تابووتەكە پاڵكەوێت و تا 100 بژمێرێت.
هاوكات دەبێت بە بەرچاوی خەڵكەوە و لەو شوێنە گشتییەكان ئەو كارە بكات ئینجا رێگەی دەدەن لەناو تابووتەكە بێتە دەرەوە، بەو مەرجەی جارێكی دیكەش بەبێ بەستنی دەمامك لە ماڵەكەی نێتەدەر.
ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر حكومەتی ئەو وڵاتە هەوڵی زۆریداوە هاووڵاتیان لە مەترسی پەتاكە ئاگاداربكاتەوە و پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزیان بكات، بەڵام نەتوانراوە رەوشی تەندروستی كۆنتڕۆڵ بكرێت و تا دێت ژمارەی تووشبووان و مردن بە كۆرۆنا زیاتر دەبێت.
بە گوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، تا ئێستا لەو وڵاتە پتر لە 187 هەزار و 537 كەس تووشی كۆرۆنا بوونە، نزیكەی 7 هەزار و 832 كەسیش بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
ئ. م