ئەمڕۆ لوتکەی ناتۆ بەڕێوە دەچێت

بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ بە بەشداریی 32 سەرۆک و سەرۆک وەزیران لەشاری دەنهاغ لە هۆڵەندا بەڕێوە بچێت. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی حوزەیرانی2025، غەیس تاونمان، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری سوپای هۆڵەندا لە لێدوانێکیدا بۆ بارزان حەسەن،  پەیامنێری کوردستان24، ڕاگەیاند "ماوەی زیاتر لە چوار مانگ دەبێت، ئامادەکاریی بۆ ئەم لوتکەیە دەکەن."

وەزیری بەرگریی دەوڵەت ئاماژەی بەوەش کرد، زیاتر لە 27 هەزار پۆلیس لەگەڵ 12هەزار سەرباز، ئاسایشی لوتکەکە دەپارێزن.

غەیس تاونمان، دەڵێت: زیاتر لە دوو هەزار ڕۆژنامەنوس لەسەرانسەری جیهانەوە هاتوون و لێرە ڕووماڵی کۆبوونەوەکان دەکەن.

لوتکەی ناتۆ دوو ڕۆژ دەخایەنێت و بڕیارە چەند مەلەفێک گفتوگۆیان لەسەر بکرێت لەوانەش ( ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران، شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا، هەروەها زیادکردنی خەرجی بەرگریی ووڵاتان بەرێژەی 5٪).

کۆتا لوتکەی ناتۆ ساڵی ڕابردوو لە ئەمەریکا بەڕێوە چوو، بۆ ئەمساڵیش بە سەرۆکایەتیی 32 سەرۆک و سەرۆک وەزیران، لە هۆڵەندا بەڕێوە دەچێت.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment