لاوەند مەموندی: ئەو کەسانەی تکتیان هەبوو دەتوانن نوێی بکەنەوە

سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: بەهۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان سەرجەم کۆمپانیاکانی گەشتیاری زەرەرمەندبوون و بەیانی یەکەم گەشت بۆ ئیستەنبوڵ و بەیروت دەستپێدەکاتەوە.

لاوەند مەموندی،سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند: بەیانی یەکەم گەشت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرە بۆ ئیستەنبوڵ و بەیروت دەستپێدەکاتەوە، لە ڕۆژانی داهاتوو سەرجەم گەشتەکان ئاسایی دەبنەوە، ئەو کەسانەی تکتیان هەیە و هەڵنەوەشێندرایتەوە دەتوانن تکتەکانیان بگۆڕن گەشتەکانیان بکەن، پێشبینی دەکرێت هەموو ئەو کۆمپانیانەی گەشتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە، لە 48کاتژمێری داهاتوو دەست بە گەشتەکانیان بکەنەوە.

لاوەند مەموندی گوتی: ڕۆژانە بەلایەنی کەم 35 گەشت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەکران، سەرجەم کۆمپانیاکانی گەشتیاری زەرەرمەندی بوون، تاوەکوو ئێستا قەبارەی زیانەکانیان نازاندرێت، بەڵام لە ڕۆژانی داهاتوودا بڵاویدەکەینەوە.

هەر ئەمڕۆ سێشەممە، گەشتەکانی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی دەستیپێکرانەوە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: ئەمڕۆ کاتژمێر سێی دوای نیوەڕۆ، یەکەم گەشتی فڕۆکەوانی لە هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەست پێدەکاتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment