ڕاوێژکاری ئەڵمانیا پێشوازیی لە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکات

فرێدریک مێرز ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا
فرێدریک مێرز ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا

فرێدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا پێشوازیی لە بانگەوازی دۆناڵد ترەمپ کرد بۆ ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دووپاتی لەوەش کردەوە، هەنگاوەکە بە ئەرێنی دەبینێت و داوای کرد، هەردوو وڵات، گوێ لە بڕیارەکانی ترەمپ بگرن.

فرێدریک مێرز لە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی: ئەگەر ئەم ئاگربەستە دوای هێرشی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەدژی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لە فۆردۆ و ئەسفەهان و نەتەنز سەربکەوێت، ئەمە دەبێتە پێشوەچوونێکی زۆر ئەرێنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، داوای لە ئێران و ئیسرائیل کرد، گوێ لە بانگەوازەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بگرن.

بەرەبەیانیی دوێنێ سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند. بە گوتەی ئەو ڕێککەوتنەکە "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت. 

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند:" ئەگەر ئیسرائیل ئاگربەست پێشێل نەکات ئەوا ئێرانیش پێشێلی ناکات و پابەندی ئاگربەستەکە دەبێت.

هەمان ڕۆژ، عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ په‌یامێكدا كه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (ئێكس) بڵاوی کردەوە و گوتی: ئەوە گوتراوە ئیسرائیل کاتژمیر 4ـی بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ هێرشه‌كانی دژی ئێران ڕادەگرێت، ئێران له‌ به‌رانبه‌ردا هیچ نیازێکی نییە درێژە بە هێرشەکانی بدات. ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی ڕابگرێت، ئێرانیش هێرشەکانی ڕادەگرێت.

دوێنێ، مه‌سعود پزیشكیان، سه‌رۆك كۆماری ئێران په‌یامێكی ئاراسته‌ی گه‌لی ئێران كرد‌ و پیرۆزبایی "سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر ئیسرائیل"ـی لێ كردن و جه‌ختیشی كردەوە‌، ئیسرائیل جه‌نگیی هه‌ڵگیرساند و ئێرانییه‌كان به‌ سه‌ركه‌وتن كۆتاییان پێ هێنا.

هەمان ڕۆژ،  بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا، ئاماژەی بەوە دا، ئە و هێرشانەی کە سوپای ئیسرائیل کردییە سەر ئێران، بەهێزترین هێرش بوون بەراورد بە 50 ساڵی ڕابردوو.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دەڵێت: توانیمان بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە ئامانج بگرین و بە تەواویی لەناوی ببەین، چیدیکە وڵاتەکە دەستی بە چەکی ئەتۆم ناگات.

 
Fly Erbil Advertisment