بەرپرسێکی پێنتاگۆن: هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران زیانی بە فۆردۆ نەگەیاندووە

دزەپێکراوەکانی هەواڵگریی ئەمەریکا کە لە زاری بەرپرسێکی پێنتاگۆنەوە بۆ سی ئێن ئێن و ئێن پی ئاڕ وەرگیراون، ئاشکرایان کردووە، ئەو هێرشە ئاسمانییە بەرفراوانەی شەوی شەممەی ئەمەریکا بۆ سەر هەر سێ پێگەی ئەتۆمی ئێران دەستیپێکرد، لەناوبردنی تەواوی ئەو دامەزراوانەیان بەدەستنەهێنا کە دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، بەڵکو تەنیا زیانێکی کەمیان لێکەوتەوە کە بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران بۆ چەند مانگێک دوادەخات.

دزەپێکراوەکان بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنێکی پێشوەختەی دەزگای هەواڵگری بەرگریی (DIA) پشتڕاستیان کردووەتەوە، هێرشەکە توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانی دابەزاندووە، بەتایبەتی لە دامەزراوەی فۆردۆ کە لەناو شاخێکی بەهێزکراوە.

مارک وارنەر، جێگری سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری، داوای ڕوونکردنەوەی لە ئیدارەی ترەمپ کرد، سەبارەت بە کۆبوونەوەیەکی نهێنی کۆنگرێس کە بڕیار بوو تاوتوێی پێشهاتەکان بکات، بەڵام دواخرا. 

کۆشکی سپی بە تووڕەییەوە وەڵامی ئەو دزەپێکراوانەی دایەوە و کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی: ئەو هەواڵانە بە تەواو درۆن و دورن لە راستی و ئەو کەسانەی تۆمەتبارکرد بە هەوڵدان بۆ تێکدانی دەستکەوتەکانی دۆناڵد ترەمپ. 

هاوکات محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەوە کردەوە ئێران داواکارییەکانی ئیسرائیل پشتگوێ دەخات، بۆ ڕاگرتنی پیتاندن و بەردەوامبوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment