به‌ رێنمایی ته‌ندروستییه‌وه‌ ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران ئاسایی كرایه‌وه‌

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی چاودێری جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كان ده‌كات

K24- هه‌ولێر:

به‌مه‌به‌ستی باشترکردنی دۆخی ئابووریی و رايیکردنی مامەڵەی ھاووڵاتیان، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا دەوامی فەرمانبەران لەسەرجەم دامودەزگاکان بە رێنمايی و رێکارە تەندروستییەکانەوە ئاسايی بکرێتەوە.

چیمەن تاھیر ئاکره‌یی، بەڕێوەبەری خۆپارێزی لە وەزاره‌تی تەندروستی دەڵێت: رێنمایەکانیان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران و لەرێگەی لیژنەیەکەوە وه‌زاره‌ته‌كه‌یان چاودێری جێبەجێکردنی ئەو رێنماییانە لە ناو فەرمانگەکان دەکات.

هه‌ر له‌مباره‌شه‌وه‌ محه‌مه‌د عه‌لی، شارەزای ئابووری پێیوایە، ئەم بڕیارە کەرتی بازرگانی و گەشتیاری دەبوژێنێتەوە و ھاوکارێکی باش دەبێت بۆ رایيکردنی مامەڵەی ھاووڵاتییان، دەتوانرێت داھاتێکیش بۆ حکومەت دابین بکات، چونكه‌ وه‌ك جه‌ختی كرده‌وه‌، به‌ راگرتنی دەوامی فەرمانگەکان بەشێکى زۆر لە کاروبار و مامەڵەی ھاووڵاتییان و بازرگانان و خاوەن کۆمپانیاکانیش وەستان.

وەزاره‌تی تەندروستی داوای کردووە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمانگەکان خۆپارێزی تەواو بکرێت، لە پێناو پاراستنی گیانی ھاووڵاتییان و فەرمانبەران، ده‌شڵێن: پێویستە ئیتر ژیان نیمچە ئاسايی بکرێتەوە لەپێناو بژێوی ژیانی ھاووڵاتییان و باشترکردنی دۆخی ئابوری ھەرێمی کوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا پێوسیتە رێکارەکانى خۆپارێزی بە بەستنی ماسك و شوشتنی دەست و وەستان لە دووری مەتر و نیوێك بۆ دوو مەتر لە ھەموو فەرمانگەکان پەیڕەو بکرێت و قەرەباڵغیش دروست نەکرێت.

H.B

Fly Erbil Advertisment