ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە کارکردن و گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ بەغدا کرد

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، جەختی لە کارکردن و گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەپێناو دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردەوە.

ئەمڕۆ، چوارشەممە 25ـی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران، بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دەسپێشخەریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەکات تایبەت بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست و وەستانی شەڕ، هەروەها پشتیوانیی هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دەکات لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەڵسەنگداندن بۆ دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە ڕاپۆرتێکدا، هەڵسەنگاندنێکی بۆ بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێم خستەڕوو، بە تایبەتی دوای ئەوەی بە بڕیارێکی نادەستووری و نایاسایی و بە شێوەیەکی ناڕەوا، وەزیری دارایی فیدراڵ ، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بڕی.

وەزیری دارایی و ئابووری لە ڕاپۆرتەکەدا، بە وردیی و بە زانیاری و ژمارە خشتەی داهات و خەرجیییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی دارایی 2025 لە 2025/1/1 تاوەکوو 2025/6/20 خستەڕوو، لە خشتەی داهاتەکاندا، سەرچاوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستانی ڕوونکردەوە و لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی وەزیری دارایی و ئابووری، داتا و ژمارەکانی خشتەی خەرجی مانگانەی مووچە و بەرکاربردن و پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی خستەڕوو و ئاماژەی دا بەوەی کە مانگانە، سەرجەم ئەم داتا و ژمارانە، لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراون و لە لایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێم، بە شێوەیەکی وەرزی، پێداچوونەوە و وردبینیان بۆ کراوە. لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەش، چەند پێشنیازێک خرانەڕوو بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بەکاربردنی وەزارەتەکان، بە ئاراستەی ئەوەی کاری لە پێشینە بۆ دابینکردنی شایستەکانی مووچەخۆران بێت کە پێشەنگی بایەخی حکوومەتی هەرێمە.

"بڕیارە شاندێکی حکوومەتی فیدڕاڵ لەم ڕۆژانە سەردانی هەولێر بکات"

پاشان سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پێزانینی بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژی مووچەخۆران و خەڵکی هەرێمی کوردستانی دەربڕی، کە بە هۆی نەناردنی شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە، لە دۆخێکی دارایی سەختدان و ئەنجوومەنی وەزیران تێگەیشتنی تەواوی بۆ بارودۆخی ناهەمواری هاووڵاتیيان هەیە کە بەهۆی ئەم ڕێکارە ناڕەوایانەوە، بەڵام دڵنیاییشیدا کە هەموو هەوڵێک دەدەین مافەکانیان نەفەوتێ و لە گفتوگۆکانیش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامن بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا، بگەینە چارەسەرێک بۆ کێشەی مووچە کە بە ڕێکارێکی نادەستووری، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا کە دژ بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیشە.

سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە، کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بڕیارە شاندێکی حکوومەتی فیدڕاڵ لەم ڕۆژانە سەردانی هەولێر بکات.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر کارکردنی بەردەوام لە پێناوی دابینکردنی مووچە و شایسەتە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵ بە ئاڕاستەی گەیشتن بە لەیەکترگەیشتنی هاوبەش لەسەر ئەم بابەتە.

ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپات دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بە جێ گەیاندووە و پێویستە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، مووچەی هەرێمی کوردستان خەرج بکات و وەک مافێکی شایستە بە مووچەخۆران بە دووری بگرێت لە هەر ناکۆکیەکانی نێوان هەردوولا، هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لە دەستپێشخەریی سەردانی شاندی حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات بۆ هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی وەزیری دارایی وئابووریش، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر گرنگی پێداچوونەوە بە داهات وخەرجییەکان بە شێوەیەکی گشتی و ڕێکخستنەوەیان بە جۆرێک، کە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران، كاری لە پێشینەی سیاسەتی دارایی گشتییە لە هەرێم. هەروەها جەخت لە گرنگیی ڕێکخستنەوەی خەرجی بەکاربردن و نەسریەی وەزارەت و دامودەزگاکان و پێداچوونەوە بە بوارەکانی ئەم خەرجییانە کرا، بۆ ئەم مەبەستەش، لێژنەیەک ڕاسپێردرا کە بە هامەهەنگیی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، پێداچوونەوانە بە داهات و خەرجی بەکاربردنی وەزارەت و دامودەزگاکان بکەن.

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment