فەرماندەی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا گیانی سپارد

قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، گیانسپاردنی لیوا عەلی شادمانی بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە ڕاگەیاند.
چوارشەممە 25ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردەوە، عەلی شادمانی، فەرماندەی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، پاش ئەوەی هەفتەی پێشوو، لە ئەنجامی بۆمبارانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بریندار بوو، ئەمڕۆ بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی سپارد.
عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا، سەرەخۆشیی لە خانەوادەی خوالێخۆشبوو و دۆست و هاوڕێکانی کرد.
ئاماژەی بەوە کرد، بە یارمەتی خوا ڕێبازی ئەم فەرماندە موجاهیدە بەوپەڕی هێز و بڕواوە لەلایەن موجاهیدە بە شەرەفەکانی بەرەی مقاوەمەوە درێژی پێ دەدرێت،
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندان باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.