ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی کاتی گەیاندنی هاوکارییەکانی بۆ غەززە ڕاگرت

بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی 12ـی ئیسرائیل، ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی کاتی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە ڕاگرتووە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی، کە بە کەناڵی 12ـی گوتووە؛ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە، تا سوپا پلانێک بۆ ڕێگریی لە دەست بەسەرداگرتنی هاوکارییەکان لەلایەن حەماسەوە دادەڕێژێت، ڕاگیراوە، وەک ئەوەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل داوایان کردووە.

نەتانیاهۆ و کاتز، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە، تێیدا ئاماژەیان بەوە کرد، حەماس جارێکی دیکە دەستی بەسەر ئەو یارمەتییە مرۆییانەی کە دەگەیەنرێنە باکووری کەرتی غەززە، گرتووە و لە خەڵکی مەدەنی دەدزێت.

هەروەها لە بەیاننامەکەی نەتانیاهۆ و کاتزدا هاتووە "سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگریی، سوپای ئیسرائیلیان ڕاسپاردووە لە ماوەی 48 کاتژمێردا پلانێک بخاتەڕوو بۆ ڕێگریی لەوەی بزووتنەوەی حەماس دەست بەسەر ئەو هاوکارییانەدا بگرێت."

پێش لێدوانەکەی سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگریی، بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ڕاستڕەوی توندڕەو هۆشدارییەکی توندی دا بە ناتانیاهۆ و گوتی: "دەستبەجێ هاوکارییەکان بۆ حەماس ڕابگرن، ئەگەرنا چیتر بەشداریی حکوومەت ناکەم."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment