لە 7 رۆژدا 25 کەس لە ناوچە کوردستانییەکانی دیالە کوژراون یان بریندارکراون

لەو ناوچانە، داعش بەچڕی هێرش دەکات

 

K24 - گەرمەسێر

چەند رۆژێكە چەکدارانی داعش ھێرشەکانیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دیالە چڕکردووەتەوە، بەجۆریک لەماوەی حەوت رۆژی رابردوودا، 25 کەس لە پۆلیس، سەرباز، چەکداری حەشدی شەعبی و تەنانەت هاووڵاتییان کوژراون، یان بریندار کراون.

شەماڵ عبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ئاسایشی کوڵەجۆ دەڵێ: "بەڕاستی سوپای عێراق هێزی زۆرە، بەڵام وەکو ئێمە نین، چونکە خۆشەویستییان بۆ خاکەکە نییە، چونکە سنووری خۆیشیان نییە، شەوان دەرناچن. بەڕۆژ چەکدارانی داعش لەو سنوورە نامێنن و بە شەو دێن و کردەوەی تیرۆرستی ئەنجامدەدەن و دەگەڕێنەوە".

لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە ناوچە کوردستانییەکانی دیالە، زیاتر لە 30 گوندی کوردنشین چۆڵکراون، زیاتر لە 100 ھاووڵاتی کوردیش لەلایەن گرووپی چەکداری نەناسراو و پاشماوەکانی داعش، شەھیدکراون، ژمارەیەكیش رفێندراون و تائێستا بێسەروشوێنن.

شێرکۆ تۆفیق، کارگێڕی لقی 15ـی پارتی لە خانەقین باسی رووداوێک دەکات و دەڵێ "بەنزیکەی 100 مەتر خاڵێکی سوپای عێراق هەبوو، بەڵام هیچ هەڵوێستیان نەبوو لە کوشتنی چوار هاووڵاتیی گوندی خەرتەل و ئەو ناوە... بەڕاشکاوی دەتوانم بڵێم، سوپای عێراق لە ئاستی کردەوە تیرۆرستییەکان کەمتەرخەمیی (هەیە). هێزی عێراقی خۆی هێزێکی کرداری نییە و ناتوانێت ناوچەکە بپارێزێت.".

لە سنووری خانەقین و گوند و شارەدێکانی سەر بە خانەقین، زیاتر لە 10 ھەزار ھێزی چەکداری سوپا، پۆلیس و حەشدی شەعبی بەناوی پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە جێگیرکراون، بەڵام ئەو ھێزانە نەبوونەتە هۆی تەواوبوونی ھێرشە تیرۆرستییەکان بۆ سەر کوردانی ناوچەکە و خودی ھێزە ئەمنییەکانیش.

 

 

هـ.ر. 

Fly Erbil Advertisment