کۆشکی سپی: ئێران، بەر لە هێرشەکەی ئەمەریکا یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی نە گواستبووەوە

کۆشکی سپی ڕایدەگەیەنێت: ئێران یۆرانیۆمە پیتێنراوەکانی نەگواستبووەوە کاتێک ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی کردە سەر هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ و نەتەنەز و ئەسفەهان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هێرشی توندی کردە سەر میدیاکانی ئەمەریکا دژ بەو ڕاپۆرتانەی لە هەواڵگریی ئەمەریکاوە دزەیان پێ کراوە و گومان دەخەنە سەر هێرشە سەربازییەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، کە وەک پشتیوانییەک بۆ ئیسرائیل، هەر سێ وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ و نەتەنەز و ئەسفەهانی بۆمباران کرد.
لەوەتەی ئەمەریکا بەو هێرشە هاوبەشیی ئیسرائیلی کردووە لە جەنگی بەرانبەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا چەند جارێک دووپاتی کردووەتەوە دەڵێت: توانیوومانە هەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران بە تەواوی خاپوور بکەین.
بەڵام شارەزایان پێیان وایە، ئەگەری زۆرە ئێران بەر لە هێرشەکە وێستگەکانی لەو یۆرانیۆمە چۆڵ کردبێت کە پێشبینی دەکرێت نزیکەی 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی بە ڕێژەی لەسەدا 60 پیتێنراو بێت.
پێشتر، کارولین لیڤت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، بە تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاندبوو، ئەمەریکا هیچ بەڵگەیەکی نییە لەسەر ئەوەی ئێران یۆرانیۆمە پیتێنراوەکانی بەر لە هێرشەکە گواستبێتەوە و پێی وابوو ئەو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییانەی باس لەوە دەکەن ئێران یۆرانیۆمەکەی بەر لە هێرشەکەی ئەمەریکا گواستبێتەوە، دوورە لە ڕاستی. گوتیشی: ئەوەی ئێستا لە ناوچەکەدا ماوەتەوە، لەژێر دارو پەردووی ڕووخاوی وێستگەکانن کە بەهۆی هێرشەکەی ئەمەریکاوە خاپوور بوون.
هاوکات، جۆن ڕاتکلیڤ، بەڕێوەبەری ئاژانسی ناوەندیی هەواڵگریی ئەمەریکا( سی ئای ئەی) ڕایگەیاند: بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسەکە هەیەتی، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران زیانی زۆری بەرکەوتووە بەهۆی هێرشەکەی ئەمەریکاوە.
ئاژانسی ناوەندیی هەواڵگریی ئەمەریکا ئاشکرای کردووە، وێستگە ئەتۆمییە وێرانبووەکانی ئێران پێویستییان بە ساڵانێک هەیە تا جارێکی دیکە بونیات دەنرێتەوە.
دوێنێ حکوومەتی ئێران ڕایگەیاند: وێستگە ئەتۆمییەکانیان لەماوەی 12 ڕۆژی جەنگیان لەگەڵ ئیسرائیل، زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بە کەناڵی تەلەفزیۆنی فرانس2ـی فەرەنسی ڕاگەیاند: لە ڕۆژانی جەنگەکە، ئاژانسەکەیان نەیتوانیووە چاودێریی بارودۆخی وێستگەکان و یۆرانیۆمە پیتێنراوەکان بکات. گوتی: ناتوانم پێتان بڵێم ئەو یۆرانیۆمە لەناوچووە، یاخود شاردراوەتەوە.