نەتەوە یەکگرتووەکان: 316 ملیۆن كه‌س له ساڵی 2023 مادده هۆشبه‌ره‌كانیان به‌كار هێناوه

ڕاپۆرتێك ئاماری به‌كارهێنه‌رانی مادده هۆشبه‌ره‌كان بۆ ساڵی 2023 بڵاو ده‌كاته‌وه؛ هاوكات هۆشداریی ده‌دات به‌كارهێنانی مادده هۆشبه‌ره‌كان زۆر به خێرایی له‌ناو دانیشتووانی جیهان به‌تایبه‌تی له وڵاتانی ئه‌مه‌ریكای باشوور په‌ره ده‌سێنێت.
پێنجشه‌ممه، 26ـی حوزەیرانی 2025، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان (UNODC) ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردوو (2024)ـی بۆ ساڵی 2023ـی تایبه‌ت به به‌كارهێنه‌رانی مادده هۆشبه‌ره‌كان له جیهان بڵاو كرده‌وه، كه 316 ملیۆن كه‌سن.
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان گوتووشیه‌تی، ژماره‌كان پشتیان به زانیارییه‌كان به‌ستووه كه له ساڵی 2023 ده‌ستنیشان كراون. ده‌شڵێت، ژماره‌ی به‌كارهێنه‌رانی مادده هۆشبه‌ره‌كان به ڕێژه‌ی 28% له ماوه‌ی ده ساڵی ڕابردوودا زیادی كردووه.
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، كۆكایین كه زۆر به خێرایی به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و به‌كار ده‌هێنرێت، له ساڵی 2023ـدا، بڕی 3700 تۆنی لێ به‌رهه‌م هاتووه.
نووسینگه‌كه ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه، 25 ملیۆن كه‌س له جیهان له ساڵی 2023ـدا كۆكایینیان به‌كار هێناوه، زۆربه‌شیان له وڵاتانی ڕۆژئاوا و هه‌ندێكیشیان له وڵاته تازه‌پێگه‌یشتووه‌كانن.