دادگای دەستووریی ئیسپانیا یاسای لێبووردنی گشتیی بۆ سه‌ربه‌خۆخوازانی كه‌ته‌لۆنیا پشتڕاست كرده‌وه

دادگای دەستووریی ئیسپانیا لایەنە سەرەکییەکانی یاسای لێبووردنی بۆ سه‌ربه‌خۆخوازانی هه‌رێمی کەتەلۆنیا پشتڕاست کردەوە کە لەلایەن حکوومەته‌وه گرنگی پێ دراوه و ساڵی ڕابردووش لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند کرابوو؛ هاوكات ئۆپۆزسیۆن دژی بڕیاره‌كه‌ی دادگایه.
پێنجشه‌ممه، 26ـی حوزەیرانی 2025، دادگای دەستووریی ئیسپانیا لایەن و ڕه‌هه‌نده سەرەکییەکانی یاسای لێبووردنی بۆ سه‌ربه‌خۆخوازانی هه‌رێمی کەتەلۆنیا پشتڕاست کردەوە کە لەلایەن حکوومەته‌كه‌ی پێدرۆ سانچێزەوە گرنگی پێ دراوه و ساڵی ڕابردووش لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند کرابوو.
دادگای دەستووریی ئیسپانیا دوای دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ، ڕایگەیاندووە، یاسای لێبووردن بۆ ئاساییکردنەوەی دامەزراوەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کەتەلۆنیا پەسەند دەکات.
دادگای دەستووریی ئیسپانیا به زۆرینه‌ی ده‌نگی شه‌ش ئه‌ندامی له كۆی ده ئه‌ندام بڕیاره‌كه‌ی په‌سند كردووه، كه شه‌ش ئه‌ندامه‌كه سه‌ر به پارته‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تن.
پارتی گه‌لی ڕاستڕه‌و دژی یاساكه‌یه، كه پێشتر و له ساڵی 2023ـدا، پیدرۆ سانچێز له‌گه‌ڵ پارتی "پێكه‌وه له پێناوی كه‌ته‌لۆنیا"ـی سه‌ر به کارلێس پویگدێمۆنت، سه‌رۆكی سه‌ربه‌خۆخوازانی كه‌ته‌لۆنیا ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر كردبوو و بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مان ساڵ له لایه‌ن په‌رله‌مانی ئیسپانیاوه متمانه‌ی پێ بدرێت.
به پێی ڕاگه‌یه‌نراوی دادگای دەستووری ئیسپانیا، "لێخۆشبوو‌ن بە پێی دەستوور قەدەغە نییە، و كاتێك له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی بێت، په‌سه‌ندكراوه."
کارلێس پویگدێمۆنت کە لە ساڵی 2017 سەرکردایەتیی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیای كرد، ئێستاش لە بەلجیکا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی لە ئیسپانیا دادگایی نەکرێت. پویگدێمۆنت له حوزه‌یرانی 2024 نه‌یتوانی سوود له یاسای لێبووردن وه‌ربگرێت، كه له لایه‌ن دادگاوه ده‌رچووبوو، به‌ڵام ئه‌و به تۆمه‌تی "گه‌نده‌ڵی" سوودمه‌ند نه‌بوو.
پێدرۆ سانچێز دوای ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی دادگای دەستووری ئیسپانیا، پێشوازیی لە بڕیارەکە کرد و گوتی، "مژدەیەکی زۆر خۆشە بۆ ئیسپانیا". له لای خۆیەوە، ئەلبێرتۆ نونیز فیخۆ، سەرۆکی پارتی گه‌لی ڕاستڕه‌و گوتی، "لێخۆشبوونەکە نایاسایی و نائەخلاقییە."
سێشه‌ممه، 11ـی حوزه‌یرانی 2024، یاسای لێبووردن بۆ سه‌ربه‌خۆخوازانی كه‌ته‌لۆنیا كه له ڕیفراندۆمه‌كه‌ی ساڵی 2017ـدا بۆ جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه‌یان له ئیسپانیا به‌شدار بوون، چووه واری جێبه‌جێكردنه‌وه.
به پێی یاساكه بڕیار وابوو، کارلێس پویگدێمۆنت بگه‌ڕێته‌وه ئیسپانیا. مێدیاكانی ئیسپانیا له‌م باره‌وه ئاماژه‌یان به‌وه كردبوو، یاساكه به بڵاوكردنه‌وه‌ی له ڕۆژنامه‌ی (وه‌قایعی) فه‌رمی ئیسپانیا، ده‌چێته واری جێبه‌جێكردن و ڕێگه به پویگدێمۆنت و هاوڕێیانی دیكه‌ی ده‌دات دوای زیاتر له شه‌ش ساڵ له ئاواره‌یی، بگه‌ڕێنه‌وه هه‌رێمه‌كه‌یان له ئیسپانیا.
ڕۆژی پێنجشه‌ممه، 14ـی ئاداری 2024، په‌رله‌مانتارانی په‌رله‌مانی ئیسپانیا پرۆژەیاسای لێبووردنی سه‌ربه‌خۆخوازانی كه‌ته‌لۆنیایان پەسەند کرد.
له‌و دانیشتنه‌دا 178 په‌رله‌مانتاری په‌رله‌مانی ئیسپانیا ده‌نگیان له به‌رژه‌وه‌ندیی پڕۆژه‌یاساكه دا و 172 په‌رله‌مانتاری دیكه‌یش دژایه‌تیان كرد و ده‌نگیان پێ نه‌دا.
ئەم بڕیارە هەنگاوێکی چارەنووسساز بوو بۆ پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، بەو پێیەی لایەنە سه‌ربه‌خۆخوازه‌كان پرۆژەی لێبووردنیان پێشکەش کرد لە بەرانبەر پاڵپشتیكردنیان بۆ ئه‌وه‌ی بۆ جارێكی دیكه له پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه.
سانچێز لە پۆستێکیدا لە تۆڕی ئێکس، پێشوازیی لە دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە کردبوو و ڕایگەیاندبوو، "هەنگاوێکی ئازا و پێویستە "کە "سەردەمێکی نوێی پێکەوەژیان و خۆشگوزەرانی لە کەتەلۆنیا" ده‌هێنێته ئاراوه.