ژمارەی قوربانییانی جەنگ لە ئێران پێنج هەزار کەسی تێپەڕاند

سەرۆکی ناوەندیی قەیرانەکانی لە وەزارەتی تەندروستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێنجەمین ڕاگەیەندراودا ئامارێکی نوێی قوربانییانی جەنگی 12 ڕۆژەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد، زیاتر لە پێنج هەزار و 500 کەس شەهید و بریندار بوون.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ناوەندەکە، دوا ئاماری کوژراوانی 12 ڕۆژی جەنگ، 627 هاووڵاتیی ئێرانی کوژراون و ژمارەی بریندارەکانیش بۆ 5935 کەس بەرز بووەتەوە، لە نێویاندا شەش کادیری تەندروستی کوژراون و 20ـی دیکەش بریندار بوون.

لە ئامارەکاندا هاتووە، لە کۆی بریندارەکان تەنیا 255 کەسیان برینەکانیان سووک بووە و هەر لە شوێنی بۆمبارانەکاندا تیمار کراون، هەروەها 4196 برینداریش گواستراونەتەوە نەخۆشخانەکان، کە تاوەکوو ئێستاش 397 لە بریندارەکانی هێشتا هەر لە ژێر چاودێریی پزیشکدا خەوێندراون، هاوکات 966 نەشتەرگەری جیاواز بۆ بەشێک لە بریندارەکان کراون.

ناوەندیی قەیرانەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئەوەشی ئاشکرا کردووە، بەهۆی هێرشەکانەوە، زیان بەر 14 ناوەندیی تەندروستی گەیشتووە، کە حەوتیان نەخۆشخانەن، هاوکات 11 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاریش زیانیان پێ گەیشتووە.

هەروەها ئامارە نافەرمییەکانی ئاماژە بە ژمارەیەکی زیاتر کوژراو و برینداری ئەو جەنگە دەکەن لە ناوخۆی ئێران و پێشنینی بەرزبوونەوەی ئامارەکان دەکرێت، بەهۆی ئەوەی هێشتا ڕووفاتی ژمارەیەک زۆر لە قوربانییانی هێرشەکانی ئیسرائیل، لە گەورە شارەکان لە ژێر داروبەردی خانوو و باڵەخانە ڕووخاوەکانی دەرنەهێنراون.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment