کۆشکی سپی: هیچ ڕۆژێک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئێران دیاریی نەکراوە

گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت: لەژێر سایەی ترەمپ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاژاوەوە بەرەو سەقامگیری هەنگاو دەنێت، سەرۆکی ئەمەریکا ئامانجییەتی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرقەرار بێت.
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2025، ڕایگەیاند: هێرشەکانمان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمیییەکانی ئێران سەرکەوتنێکی گەورە بوو، ئێران تەنیا چەند هەفتەیەک لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دوور بوو و چیتر ناتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات.گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی: ئەمەریکا دەیەوێت لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە کێشەکان لەگەڵ ئێران چارەسەر بکات، تاوەکوو ئێستا هیچ ڕۆژێک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئێران دیاریی نەکراوە، دەمانەوێت ئێران لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە پرسی ئەتۆم چارەبکات.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئەو ئۆتومبێلانەی لە دەوروبەری فۆردۆ بوون کرێکار بوون، پێش هێرشەکانمان هیچ ماددەیەک لە بنکەی فۆردۆ نەگوازراوەتەوە، چونکە قورسە و مەترسیدارە.
سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە دەورووبەری فۆردۆ بوون کرێکار بوون.