ئاماری نوێ لەبارەی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە هەولێر

بەڕێوەبەری شێڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێر " ڕێژەیی گەستن 47٪کەمیکردووە "

کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر بەردەوامە و تاوەکوو ئێستا لەنێو شێڵتەری سەگە بێلانەکان نەشتەرگەریی بۆ زیاتر لە حەوت هەزار سەگی بێلانە کراوە و لە شێڵتەر دەرچوون.

حەسەن ئیسماعیل، بەڕێوەبەری شێڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی، 27ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر بەردەوامە و ڕۆژانە دوو تیم زیاتر لە 50 سەگی بێلانە، لە کۆچە و کۆڵانەکان کۆدەکەنەوە.

بەڕێوەبەری شێڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێر گوتیشی: لە ماوەی ساڵێک و 10 مانگدا زیاتر لە 17 هەزار سەگی بێلانە لە هەولێر کۆکراوەتەوە و بردراونەتە نێو شێڵتەر، بەڵام بە نزیکەیی 15 هەزاریش ماون، بەتایبەتی لە شارۆچکەکانی دەورووبەری هەولێر.

حەسەن ئیسماعیل، ئاماژەی بەوە دا، لە ڕۆژانی یەکشەممە تاوەکوو پێنجشەممە، پزیشکی ڤێتێرنەری نەشتەرگەریی بۆ سەگە بێلانەکان دەکات، دوای نەشتەرگەریی کردنیان دەگەڕێنەوە شوێنەکانیان، زیاتر لە حەوت هەزار سەگی بێلانە نەشتەرگەریان بۆ کراوە و لە شێڵتەر دەرچوون.

حەسەن ئیسماعیل باسی لەوەش کرد، بەگوێرەی ئامارەکان تاوەکوو دوو مانگ پێش ئێستا لەگەڵ کردنەوەی ئەم شێڵتەرە ڕێژەیی گەستن 47٪، کەمیکردووە.  

بە مەبەستی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر، پڕۆژەی دروستکردنی شێڵتەری سەگی بێلانە بە گوژمەی 455 ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر لەسەر رووبەری 20 دۆنم زەوی دروست کراوە و ڕۆژانە چەندین تیمی پزیشکی ڤیتێرنەری و کارمەندی تایبەت تێیدا کار دەکەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment