کچێکی ئێزدی دوای ڕزگاربوونی گەڕایەوە نێو کەسوکاری

کچە ڕزگاربوویەکی ئێزدی دەستی داعش دەڵێت: دوای دەستگیرکردنمان لەلایەن چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە سێ ساڵ لە سووریا مامەوە و دواتر لە تورکیا زیندانی کرام.
ئەمڕۆ هەینی، 27ـی حوزەیرانی 2025، دیما ئەمین کچە ڕزگاربووی ئێزدی دەستی داعش بە کوردستان24ـی گوت: زۆر دڵخۆشم بە ڕزگاربوونم، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە هاوکاربوون لە ڕزگاربوونم، ئازار و مەینەتی زۆرم چەشت تاوەکوو ڕزگار کرام، بارودۆخێکی زۆر دژوار و ناخۆش بوو، چەندین جار بیرم لەوە دەکردەوە خۆم بکوژم.
دیما ئامین گوتیشی: دوای دەستگیرکردنمان لەلایەن داعشەوە، ماوەیەکی کەم لە عێراق ماینەوە و دواتر بەرەو سووریا ئێمەیان برد و لە کەس و کارم دابڕام، لە سووریا لە ماڵی چەکدارێکی داعش نیشتەجێکرام و دەستدرێژی سێکسی کردە سەرم، ناخۆشترین ساتەکانی ژیانم لەوێ بەسەربرد و سێ ساڵ لە سووریا بووم.
دیما، ئاماژەی بەوە دا، دواتر بە قاچاغ چوومە تورکیا و لەوێ زیندانی کرام دەمویست بگەڕێمەوە عێراق، بەڵام هیچ بەڵگەنامەیەکم لەلانەبوو هەر بۆیە ئازاد بوونم قورسبوو، حەوت ساڵ لە تورکیا مامەوە و بەردەوام ئەشکەنجە دەدرام و ئازاری زۆرم بینی، چوار ڕۆژ پێش جەژنی قوربان ئازاد کرام و هاتمەوە شاریا.
دیما ئەمین، خەڵکی گوندی کۆچۆی شارۆچکەی شنگاڵە، لەساڵی 2014، دوای داگیرکردنی گوندەکە لەلایەن داعش بەخۆی و هەشت کەس لە خانەوادەکەی کەوتنە دەست چەکدارانی داعش و تاوەکوو ئێستا باوک و دوو برای نادیارن و بەگوێرەی زانیارییەکان سێ هەزار و 587 کەسی کوردی ئیزدی ئازادکراون و بە کەس وکاریان شادبوونەتەوە.