تێچووی هاوسەرگیریی خاوەنی کۆمپانیای ئامازۆن 55 ملیۆن دۆلارە

ئەستێرەکانی سینەما و کەسایەتییە بازرگانییەکان و کەسایەتییە ناودارەکان لەم هەفتەیەدا لە شاری ڤێنیز لە ئیتاڵیا کۆبوونەوە، ئەوەش بە بۆنەی ئاهەنگی هاوسەرگیری، جێف بیزۆس، دامەزرێنەر و ملیاردێری ئامازۆن لەگەڵ لۆرن سانچیز، کەسایەتی میدیایی.

ئاهەنگەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژدا بەردەوام دەبێت و لیستی میوانەکان و وردەکارییەکانی ئاهەنگی سەرەکی بە نهێنی دەهێڵرێنەوە. بەڵام هەندێک زانیاری سەبارەت بە گرنگترین کەسایەتییەکانی پەیوەست بەم ئاهەنگە جیهانییە گرانبەهایە دزەیان کردووە.

سەرۆکی هەرێمی ڤێنیتۆ، لوکا زایا، کۆی تێچووی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی لە نێوان 46.5 بۆ 55.6 ملیۆن دۆلار خەمڵاندووە، بەمەش دەبێتە یەکێک لە گرانترین بۆنە تایبەتەکان لە جیهاندا.

ڕاپۆرتە میدیاییە ناوخۆییەکان پشتڕاستیان کردەوە، بیزۆس لەم چالاکییەدا بەخشینی خێرخوازی بەرچاو دەکات، لەنێویاندا یەک ملیۆن یۆرۆ بۆ "کۆریلا" کە ناوەندێکی ئەکادیمییە و تایبەتە بە لێکۆڵینەوە.

هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی وادە و کاتی وردی مەراسیمەکە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئاهەنگە سەرەکییەکە ڕۆژی شەممە لە ناو ئارسناڵ بەڕێوە بچێت، کە ناوچەیەکی قەڵادارە لە سەدەی پازدەهەمدا و لە سەردەمی کۆماری ڤێنیزدا بۆ دروستکردنی کەشتی جەنگی بەکاردەهات.

لە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووەوە فڕۆکە تایبەتەکان گەیشتنە فڕۆکەخانەی ڤێنیز و فڕۆکەخانە نزیکەکانی وەک ترێڤیسۆ و ڤێرۆنا دەستیان بە گەیشتنیان کرد، پێشبینیش دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا 90 فڕۆکەی دیکە بگاتە فڕۆکەخانە.

هەروەها 30 تاکسی ئاوی لە کۆمپانیا جیاوازەکانەوە ئامادەکراون بۆ گواستنەوەی میوانەکان بۆ شوێنەکانی ئاهەنگگێڕان.

پێنج لە بەناوبانگترین هۆتێلەکانی ڤێنیز گیراون بۆ ئەوەی لە نێوان 200 بۆ 250 میوان میوانداری بکەن.

لەوانە:

*هۆتێل شیپریانی لە دوورگەی جیودێکا

*هۆتێل ئامان ڤێنیز لەسەر کەناڵی گەورە، کە جۆرج کلۆنی لە ساڵی 2014 ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی تێدا کرد.

ئیڤانکا ترەمپ و هاوسەرەکەی جارێد کوشنەر، دوای پشوویەکی کورت لە شاری توسکانی، ڕۆژی سێشەممە، بینران کە گەیشتنە ئەو شارە. بڕیارە ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکان لە بوارەکانی سیاسەت و هونەر و بازرگانی ئامادەبن. 

جێف بیزۆس، دامەزرێنەری ئامازۆن سێیەم دەوڵەمەندترین کەسە لە جیهاندا، سامانەکەی بە 234 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، تەنیا لە دوای ئیلۆن ماسک و مارک زوکەربێرگەوەیە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment