ڕێكخراوی فاو: 16 ملیۆن سووری مه‌ترسی نه‌بوونی ئاسایشیی خۆراكیان له‌سه‌ره

ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ ئاماژه به‌وه ده‌كات، نزیكه‌ی دوو ملیۆن 500 هه‌زار دۆنم زه‌وی كشتوكاڵیی سووریا كه گه‌نمی لێ چنراوه، له ئه‌نجامی گۆڕان و تێكچوونی كه‌شوهه‌واوه، زیانیان پێ گه‌یشتووه، به‌مه‌ش 16 ملیۆن هاووڵاتیی سووری هه‌ڕه‌شه‌ی خۆراكیان له‌سه‌ر دروست ده‌بێت.
هه‌ینی، 27ـی حوزه‌یرانی 2025، هەیا ئەبو عه‌ساف، یاریدەدەری نوێنەری ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (FAO) ڕایگه‌یاند، سووریا ڕووبه‌ڕووی دۆخێكی سه‌ختی كه‌شوهه‌وا بووه‌ته‌وه، كه له ماوه‌ی 60 ساڵی ڕابردوودا هاوشێوه‌ی نه‌بووه و زیانێكی گه‌وره‌ی به كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداریی له‌و وڵاته گه‌یاندووه.
هەیا ئەبو عه‌ساف ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بارودۆخه کاریگەریی لەسەر نزیکەی 75%ـی ناوچە كشتوكاڵییه‌كانی تایبه‌ت به به‌رهه‌مهێنانی گه‌نم و دانه‌وێڵه و لەوەڕگە سروشتییەکان هەبووە.
یاریدەدەری نوێنەری ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان باسی له‌وه‌ش كرد، زستانی ئه‌م ساڵ له سووریا زۆر كورت و بێ‌باران بووه، له ئه‌نجامدا زیانی به نزیكه‌ی 95%ـی گه‌نمی دێمی گه‌یاندووه، له كاتێكدا گه‌نمی ئاودێری ته‌نیا به ڕێژه‌ی 30% بۆ 40% له‌و وڵاته به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و پشتی پێ ده‌به‌سترێت.
هەیا ئەبو عه‌ساف گوتووشیه‌تی، ئه‌م دۆخه وا ده‌كات بۆشاییه‌ك له به‌رهه‌می گه‌نم و دانه‌وێڵه به ڕێژه‌ی 2.5 بۆ 2.7 ملیۆن تۆن له‌م ساڵ له سووریا دروست بكات، به‌م شێوه‌یه نزیکەی 16.3 ملیۆن کەس له سووریا مه‌ترسی نه‌بوونی ئاسایشیی خۆراكیان كه‌وتووه‌ته سه‌ر.