ڕۆژنامەیەکی نزیک لە خامنەیی: پێویستە سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی دەستگیر بکرێت

ڕافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (وێنە: AFP)
ڕافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (وێنە: AFP)

ڕۆژنامەیەکی نزیک لە خامنەیی تۆمەتی سیخوڕی دەخاتە پاڵ سەرۆکی گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و داوای دەستگیرکردنی دەکات. 

شەممە، 28-06-2025، ڕۆژنامەی 'کەیهان'ـی نزیك لە ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا و لە میانی گوتارێكدا، ڕافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل تۆمەتبار كردووە و داوای دەستگیرکردن و دادگاییکردنی دەكات.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی زانیاری هەستیاری سەبارەت بە ناوەندە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆ ئیسرائیل گواستووەتەوە و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ كەناڵی 'فۆکس نیوز' بانگەشەی ئەوەی کردبوو، ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی لەسەدا 60ی لە شوێنە مێژووییەکانی ئیسفەهان شاردووەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، 25-06-2025، ڕافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە ڕاگەیەنراوێکدا داوای دەستپێکردنەوەی هاریکاری لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران کرد بۆ چارەکردنی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی و دووپاتی کردەوە "هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، کلیلی سەرکەوتنی رێککەوتنێکی دیپلۆماسییە بۆ چارەسەرێکی درێژخایەنی کێشەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران."

گرۆسی ئاماژەی بەوەش کرد "نامەم بۆ وەزیری دەرەوەی ئێران نووسیوە و جەختم لەسەر گرنگیی کارکردنی پێکەوەییمان کردووەتەوە و پێشنیازی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەشم لێ کردووە." بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە درێژایی جەنگە 12 رۆژییەکە لەنێو ئێران ماونەتەوە و ئامادەن بگەڕێنەوە بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە، بۆ پشتڕاستکردنەوەی زیانەکان کە بەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان کەوتووە.

ئەمە لە کاتێکدایە بەرەبەیانیی یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد.

 
 
Fly Erbil Advertisment