کەرکووک.. کێشەی کەم ئاوی هاووڵاتیانی ناچار بە ماڵ گواستنەوە کردووە

دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان کاریگەریی لەسەر دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە کەرکووک کردووە و لە چەند گەڕەکێکی کەرکووک کێشەی کەم ئاوی درووستبووە،  بۆئەمەش بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کەرکووک دەستی بەلێدانی بیر کردووە بەپێی پلانێک دەیانەوێت کێشەکە چارەسەر بکەن، پارێزگاری کەرکووکیش دەڵێت: هاوینێکی سەخت چاوەڕێمان دەکات و داوا لە هاووڵاتیان دەکات ئاو بەفیڕۆنەدەن.

بێ ئاوی ناچاری کردووە خانووەکەی لە گەڕەکەکەیان بفرۆشێت و بەنیازە ماڵەکەی بگوازێتەوە بۆ ناوچەیەکی دیکەی کەرکووک.

محەممەد زەینەڵ، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەموو ساڵیک ئەمە حاڵمانە، ئەمانەوێت خانووەکەمان بفرۆشین و بچێنە گەرەکێکی دیکە کە ئاوی هەبێت.

گەڕەکی کوردستانە، ساڵانە لە وەرزی هاویندا دانیشتوانی ئەم گەڕەکە ڕووبەڕووی قەیرانی کەم ئاوی دەبنەوە.

موئەیەد ئەحمەد، هاووڵاتی دەڵێت: من لە 2017ەوە لێرەم بەتەنکەر ئاو دەکڕم، ساڵانە 200 تا 300 هەزار بەس بەکڕینی ئاو دەدەم، کاتێک لەدەوام دێمەوە ئاو نییە خۆمی پێ بشۆم.

هاووڵاتیەکی دیکە بەناوی فەوزیە ساڵح، گوتی: بەتەنکەریش ئاو دەکڕین، نە ئاوەکە بۆ خواردنەوە دەشێت، شتیشی پێ ناشۆردرێت. بەلام ناچارین لەبەر ئەوەی منداڵی بچووکمان هەیە.

بەشی زۆری دانیشتوانی کەرکووک بۆئاوی خواردنەوە پشت بەئاوی زێی بچووک دەبەستن کە بەنداوی دوکان سەرچاوەکەیەتی، کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکەش لە حەوت ملیار مەترسێجاوە بۆ  یەک ملیار و 700 مەتر سێجا کە کەمترین ئاستە لە بیست ساڵی ڕابردوودا تۆمار نەکراوە. مەترسی گەورەیە بۆسەر شارەکە.

ئەندازیار هیوا ڕەشید، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کەرکووک ڕایگەیاند، پیشتر کە کیشەی کام بارانی و ئاو نەبوو، پشکی کەرکووک لە بەردانەوەی ئاوی دوکان، 70 مەتر چوارگۆشە لە چرکەیەکەدا بوو، بەڵام ئێستا هەواڵمان بۆ هاتووە بەهۆی کەم بوونەوەی ئاو پشکی کەرکووک بووەتە 30 مەتر چوارگۆشە لە چرکەیەکەدا، ئەمەش مەترسیدارە و دەبێت هاووڵاتیان بزانن لە دۆخێکی خراپداین.

ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە بۆ جێگرتنەوەی ئەم دۆخە ئێستا خەریکین لە هەموو ناوچەکان بیر لیدەدەین تاوەکوو دۆخەکە چارەبکەین.

پارێزگاری کەرکووکیش لە دواکۆبوونەوەی لەگەڵ خاوەنی حەوزەکانی ماسیی لە سنووری کەرکووک هۆشداری ئەوەیدا کە شارەکەیان لەبەردەم گەورەترین قەیرانی کەم ئاوییە و مانگی حەوت و هەشتی ئەمساڵ بۆهاووڵاتیان سەخت دەبێت.

کەم ئاوی هەڕەشەیەکی گەورەی سەر عێراقە و  زۆربەی بۆچوونەکان ئەوەدەڵێن، کە شەڕی گەورەی داهاتوو لەم وڵاتە شەڕی ئاودەبێت و وەک هەمیشە بەرپرسانی عێراق خۆیان بۆ ئامادە نەکردووە.

 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment