عراقچی: ئێستا ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر سەربەرزتر و بە ئیرادەترە

وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، ئێرانییەکان مانای وشەی ڕادەست بوون نازانن، لە مێژوودا دەنووسرێتەوە کە ئێرانییەکان خوێنیان بەخشی، بەڵام دەستبەرداری خاکەکەیان نەبوون.
شەممە، 28ـی حوزەیرانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نوسیوویەتی: هەر چەندە لەدەستدانی هاووڵاتییانمان بە ئازار و کارەساتبارە، بەڵام یادەوەری و ڕێبازەکەیان لە دڵماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ گەلی ئێران، خۆڕاگرانە و قارەمانانە بەرەنگاری دوو ڕژێمی خاوەن چەکی ئەتۆمی بووەتەوە و بەرگریی لە کەرامەت و شەرەفی خۆی کردووە. ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر سەربەرزتر و بە ئیرادەترە.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، 12 ڕۆژی جەنگ، وەک گەوهەرێکی خۆڕاگریی لە مێژووی شکۆمەند و هەزار ساڵەی ئێراندا دەدرەوشێتەوە. باسی لەوەش کرد، ئێمەی ئێرانی مانای وشەی ڕادەستبوون نازانین. لە مێژوودا دەنووسرێتەوە کە ئێرانییەکان خوێنیان بەخشی، بەڵام دەستبەرداری خاکەکیان نەبوون.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا، ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.