شەش هەزار پارچە زەویی کارت لە هەولێر تاپۆ دەکرێن
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر لەڕێگەی کوردستان24 داواکارییەک لە هاووڵاتییان دەکات

K24 - هەولێر
لە هەولێر چەند لیژنەیەک دامەزراون بۆ ئەوەی مامەڵەی هاووڵاتییان بۆ تاپۆکردنی زەوییە کارتەکانیان خێرابکرێت، لەم چوار چێوەیەشدا دەستکراوە بە تاپۆکردنی شەش هەزار پارچە زەویی کارت.
عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند "لەدوای کۆبوونەوەی 5-5-2020ـی ئەنجوومەنی وەزیران، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت کە داوای کرد زەویی کارت بەزووترین کات بکرێنە سەنەد، ئێمە چەندین لیژنەمان دانا، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی تاپۆی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتووکاڵ، تاوەکو بتوانین ئەو رێکارانە ئەنجامبدەینەوە".
125 هەزار زەویی کارت هەیە، کە بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش کراون و تائێستا 65 هەزاریان تاپۆ کراون، ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی تاپۆی دوو، خەریکی بەسەنەدکردنی شەش هەزار زەویی کارتە.
لیژنەکان لە: بەڕێوەبەراتی گشتیی کشتووکاڵ، تاپۆی یەک، تاپۆی دوو، دەشتی هەولێر و عەنکاوە و سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر پێکهاتوون، کارەکەیان ئاڵۆزە، بۆیە تەنیا کاریان ئەوەیە زەوییە کارتەکان بکەنە سەنەد.
سەبارەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوونیش، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر گوتی "بۆ نموونە یەکەکانی نیشتەجێبوونی دەروازەی شار و ئیمپایەر مامەڵەکانیان تەواو بوون، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆریان نەهاتوون ئەو یەکانە بەناوی خۆیان بکەن. ئێمە لە رێگەی کەناڵەکەتانەوە ئاگاداری خاوەنانی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون دەکەین سەردانی ئەو وەبەرهێنەرانە بکەن و سەنەدەکانیان لێ وەرگرنەوە و بەناوی خۆیانی بکەن".
عەبدولواحید ئەحمەد ئاشکراشی کرد، "دوای یەک دوو رۆژ ناوی گشت ئەو یەکانە بڵاودەکەینەوە، کە کارەکانیان تەواو بوون".
هـ.ر.