کۆمیسیۆن: 160 هاوپەیمانی و لایه‌نی سیاسی، لیستی ناوی کاندیدەکانیان بۆ هەڵبژاردن پێشکەش کردووە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات، زیاتر له 150 هاوپەیمانی و لایه‌نی سیاسی و لیستی تاکەکەسی، لیستی ناوی کاندیدەکانیان بۆ هەڵبژاردنی په‌رله‌مان پێشکەش کردووە. ده‌شڵێت، وردبینیی ناوی كاندیده‌كان مانگێك ده‌خایه‌نێت،
شه‌ممه، 28ـی حوزه‌یرانی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، 160 هاوپەیمانی و لایه‌نی سیاسی و لیستی تاکەکەسی، لیستی ناوی کاندیدەکانیان بۆ هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق پێشکەش به كۆمیسیۆن کردووە.
جومانە غەلای، گوتیشی، کۆمیسیۆن بەردەوامە لە وردبینیی داتا و زانیاری و بەڵگەنامەی کاندیدەکان و ماوه‌ی مانگێكیشی پێویسته بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆسەیە.
هه‌ینی، 27ـی حوزه‌یرانی 2025، موهه‌نه‌د مسته‌فا، ئه‌ندامی تیمی ڕاگه‌یاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: پرۆسەی وەرگرتنی لیستی کاندیدەکان ته‌واو بووه و درێژ ناكرێته‌وه. گوتیشی، هه‌نگاوی دووه‌میان بریتییه له وه‌رگرتنی زانیاریی كاندیده‌كان له نووسینگه‌كانی كۆمیسیۆن له پارێزگاكان و دواتر ڕه‌وانه‌كردنیان بۆ ناوه‌ندیی نیشتمانیی كۆمیسیۆن و له‌وێشه‌وه بۆ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان.
موهه‌نه‌د مسته‌فا، گوتیشی: هه‌ر یه‌ك لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، دەستەی لێپرسینەوە و دادپه‌روه‌ری، دەستەی دەستپاکی، هاوكات دەزگا ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەی تاوان و وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، سه‌رپه‌رشتیی پرۆسه‌ی وردبینی ده‌كه‌ن و ماوه‌ی 15 ڕۆژیش ده‌خایه‌نێت.
9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11ـی تشرینی دووەمی 2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد.