ئیسرائیل.. خۆپیشاندان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەستی پێ کردەوە

ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، جارێکی دیکە دانیشتووانی وڵاتەکە، لە دژی حکوومەت خۆپیشاندان دەکەن و داوای ئازادکردنی بارمتەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دەکەن.
شەممە 28ـی حوزەیرانی 2025، ڕۆژنامەی هائارێتزی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، دانیشتووانی تەلئەڤیڤ، بۆ جارێکی دیکە هاتوونەتە سەر شەقامەکان و لە دژی حکوومەتی وڵاتەکەیان خۆپیشاندان دەکەن و، داواکارن ڕێککەوتن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بکرێت و شەڕی غەززە کۆتایی پێ بهێنرێت.
هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی کە کوڕەکەی سەرباز بووە و کوژراوە و بە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: سەرکەوتن بەسەر ئێران و هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەر، لە میراتەکەت ناسڕێتەوە.
یەکێك لە بارمتە ئازادکراوەکان کە تا ئێستا خوشک و برایەکی لە کەرتی غەززە ماوە گوتی: بەهۆی جەنگی ئێران، بارمتەکان پشتگوێ خران، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەی بارمتەکان ئازاد بکرێن.
لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بە گوێرەی ئاماری فەرمی ئیسرائیل، 1219 کەس کوژران، لەبەرانبەردا ئیسرائیل هێرشی چڕی کردە سەر غەززە و خانوو باڵەخانەیەکی زۆری ئەو شارەی خاپوور کرد و زیاتر لە 56 هەزار و 77 کەسیش کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن کوژران.