کفری.. ئاستی ئاوی ژێر زەوی زیاتر لە چوار مەتر دابەزیووە

بەهۆی وشکە ساڵی و کەمیی باران، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە شارۆچکەی کفری زیاتر لە چوارمەتر دابەزیووە، فەرمانگەی ئاوی کفریش دەڵێت: جیا لەوشك بوونی چەند بیریکی ئاو، ناچارن بیرەکانی تریش زیاتر قووڵ بکەن تابتوانن ئاو بۆ دانیشتوانی شارۆچکەکە دابین بکەن، ئەوەش بوەتە هۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی کفری، چونکە ڕێژەیەکی زۆری لم تیکەڵ بەئاوی خواردنەوەی ماڵان بووە. 

بەهۆی کەمبارانی، ئەمساڵ ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە سنووری شارۆچکەی کفری بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، فەرمانگەی ئاوی کفریش ناچارە بیرەکانی ئاو قووڵتر بکات، تا هاووڵاتیان بێئاو نەبن، ئەوەش گرفتێکی دیکەی بۆ ئاوی ماڵان دروست کردووە، کە ڕێژەیەکی زۆر لم  تێکەڵ بە ئاوی بۆریی ماڵان بووە.

ستارحەمید، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی گوت: بەداخەوە بەهۆی کەمبارانییەوە ئاستیی ئاوی بیرەکان چەند مەترێک دابەزیووە، هەروەها دوو بیریش وشکیان کردووە. بەناچاری دوو بیری دیکەمان لە تەنیشتی لێ داوەتەوە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەین ئاو بەفیڕۆ نەدەن، چونکە لەوە زیاتر ناتوانین ئاو دابەش بکەین.

سەرباری کەم بوونەوەی ئاوی ژێر زەوی، ڕۆژانە چەندین کاتژمێر ئاو بۆ ماڵان بەردەدرێتەوە، بەڵام  بەشێکی هاووڵاتیان بە تایبەت خانمان، ئاوێکی زۆر بە شۆردنی بەردەرگا و شەقامەکان بە فیڕۆ دەدەن. 

حەمید ڕەشید، بەڕێوبەری فەرمانگەی ئاوی کفری دەڵێت: بیری یەکێک لە قوتابخانەکان وشکی کرد، ناچار بووین بیرێکی قووڵترمان هەڵکەند، بۆیە داوا لە خوشکان و دایکان دەکەین لە بەکار هێنانی ئاو زیادەڕەوی نەکەن، هەروەها دەبێت هەریەک لای خۆیەوە ئاو کەم بەکار بهێنێت، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ئاوی ژێر زەوی بکەین.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئاو سامانێکی گشتییە دەبێت هەموومان پابەند بین پێیەوە، ئاگاداری بین، کۆڵان و شەقام شوشتن کاری خوشکان نییە بەڵکو شارەوانی ئەو کارە دەکات. 

بەپێی داتاکان، لەماوەی بیست و پێنچ ساڵی ڕابردوودا 12 ساڵ بارانی پێویست لە کفری نەباریوە، واتا کەمبارانی بووە، ئەمەش جیا لە زیانەکانی بۆ کەرتی کشتوکاڵ کاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی.

 

 

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment