کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەردەوامن

کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە سەر پرسی شایستە داراییەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت، لە ماوەیەکی نزیک ڕێککەوتن لەسەر کەرتی نەوت و هەناردەکردنەوەی ئاشکرا بکرێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، لەگەڵ نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە، دوای تەواو بوونی ئەو کۆبوونەوەیە، لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی عێراقیش کۆ دەبنەوە.

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا گوتیشی: بڕیارە شاندەکەی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆش کۆ ببێتەوە، هەرچەندە تاوەکوو ئێستا کێشەی شایستەی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنەری نەوت یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا ڕێککەوتنەکانی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی عێراق، بەتایبەت لەگەڵ وەزارەتی نەوت لە سەر پرسی هەناردە کردنەوەی نەوتی کوردستان ئاشکرا بکرێت، چونکە بەپێی زانیارییەکان ڕێککەوتنەکان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی.

هەروەها ئاماژەی دا، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، داوای ڕێککەوتنێکی نووسراو لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق دەکەن، کە خەرجکردنی قەرز و شایستە کەڵەکە بووەکانی کۆمپانیاکانیش لەخۆ بگرێت، کە لە ساڵی 2023 ـەوە نەوتیان ڕادەستی حکوومەتی عێراق کردووە، کەچی هیچ شایستەکیان پێ نەدراوە، کە بڕەکەی بە نزیکەی یەک ملیار دۆلار دەخەملێنرێت.

بە گوێرەی بودجەی پەسندکراوی ساڵی 2025، دەبێت هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 280 بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە هەناردە بکرێت.

 

 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment