هەولێر.. حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون تۆمار کرا

تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاند: هاووڵاتییەکی تەمەن 47 ساڵانی دانیشووی شاری هەولێر، کە کاری کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ دەکات، دوای ئەوەی پشکنینی بۆ کرا دەرکەوت تووشی تای خوێنەبەربوون بووە.

یەکشەممە 29ـی حوزەیرانی 2025، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەڵێت: هاووڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر، تەمەن 47 ساڵان، لە مەیدانی ئاژەڵان کاری کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ دەکات، لە هەمان کاتیشدا ئاژەڵ لە ماڵانیش سەردەبڕێت، واتە گۆشتفرۆشی گەڕۆکە، لە 21 ئەم مانگە نەخۆش کەوت و  سەر ئێشە، سک ئێشە و تای بەرزی هەبووە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە دا، ناوبراو لەلایەن چەندین نۆرینگە نێو گەڕەکەکان چارەسەری وەرگرتووە، بەڵام باری تەندروستیی بەرەو خراپی ڕۆیشتبوو، دوای ئەوەی چووەتە نەخۆشخانە و پشکنینی بۆ کراوە، گومانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونی لێ کراوە. 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، دواتر دەرکەوت تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بووە و ئێستا لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری پزیشکی پسپۆریی هەناو چارەسەر وەردەگرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment