دژەتیرۆری عێراق، کوژرانی سێ تیرۆریست لە چیای پەڵکانە ڕادەگەیەنێت

دەزگای دژەتیرۆری عێراق بە هەماهەنگیی ئاسایشی سلێمانی، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کوژرانی سێ تیرۆریستی لە چیای پەڵکانە ڕاگەیاند.
یەکشەممە 29ـی حوزەیرانی 2025، دەزگای دژەتیرۆری عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا، دەڵێت: ئەمڕۆ هێزیکی سەر بە دەزگاکە بە هەماهەنگیی ئاسایشی سلێمانی، لە ئۆپەراسیۆنێکدا توانیان، سێ تیرۆریست لە چیای پەڵکانە بکوژن، لە نێو کوژراوەکاندا فەرماندەی کەرتی سلێمان بەگ هەبوو.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتبەستن بە زانیاری هەواڵگری ورد و دروست، ئەنجام دراوە.
لای خۆیەوە دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کرد، بە هەماهەنگیی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشیان لەناوچەی پەڵکانە و تاوێرکەوە ئەنجامداو و لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دەستەویەخە، توانرا ئەیمەن جۆرج ئەحمەد ئەلعوبێدی، ناسراو بە ئادەم، فەرماندەی کەرتی سلێمان بەگ لەگەڵ دوو تیرۆریستی هاوەڵی بکوژرێن بە ناوەکانی:
- حوسێن عەلی خەڵەف حەبیب ئەلمەفرەجی، ناسراو بە ئەبو عەزرا.
- یەعقوب، ناسراو بە ئەبو جابان.