وەزارەتی دەرەوەی ئێران: لێدوانەکانی ترەمپ دژی دیپلۆماسییەتن

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: لێدوانەکانی ترەمپ بۆ گفتوگۆ یارمەتیدەر نین و سەرکۆنەی دەکەین، هەروەها دژی دیپلۆماسییەتیشن.
یەکشەممە 29ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرکۆنەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای کرد و ئاماژەی بەوە دا، لێدوانەکان بۆ گفتوگۆ یارمەتیدەر نین و دژی دیپلۆماسییەتن.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئامۆژگاری بەرپرسانی ئەمەریکا دەکەین، واز له قسە توند و هەڕەشەکانیان بهێنن و بەرپرسیارییەتی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە ئەستۆ بگرن.
جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە ئەمەریکییەکان بەرپرسیارییەتی هێرشی نایاسایی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران لە ئەستۆ بگرن.
لای خۆیەوە عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند: ترەمپ پێشبینی دەکرد ئێران لە ڕێگەی هەڕەشەوە خۆی ڕادەست دەکات.
ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاماژەی بەوە کرد، ئەمەریکا دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران وەک فێڵێک بۆ هەڵخەڵەتاندنمان بەکار هێنا، لە کاتێکدا لەگەڵ ئیسرائیل هەماهەنگیی هەبوو بۆ هێرش کردنە سەر وڵاتەکەمان.
گوتیشی: سەرۆکی ئەمەریکا هەمووانی فریودا کاتێک ڕایگەیاند، "کە ڕەنگە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، بەڵام بەم زووانە نا".
هەینی 27ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێکدا، ئاماژەی بەوە دا، توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەناو برد و ئێستا داوای دانوستان دەکەن.
هەروەها گوتیشی: "ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم، بیر لەوە دەکەمەوە جارێکی دیکەش بۆردومانی ئێران بکەم."
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا، ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.