ئیرەوانی: ئێران هیچ هەڕەشەیەکی لە گرۆسی نەکردووە

نوێنەری ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی جەختی لەوە کردەوە، ئێران لە هیچ بارودۆخێکدا پیتاندنی یۆرانیۆم ناوەستێنێت. دەشڵێت: بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا ئامادەین، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە بۆ ئەو کارە گونجاو نییە.
یەکشەممە 29ـی حوزەیرانی 2025، ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، لە میانەی چاوپێکەوتنێکد لەگەڵ تۆڕی سی بی ئێس، گوتی: بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا ئێمە ئامادەین، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە بۆ ئەو کارە گونجاو نییە.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر ئەمەریکییەکان بیانەوێت مەرجەکانیان بەسەر ئێمەدا بسەپێنن، مەحاڵە دانوستانیان لەگەڵ بکەین. باسی لەوەش کرد، پیتاندنی یۆرانیۆم لە هیچ بارودۆخێکدا ناوەستێنین.
هەروەها گوتیشی: هیچ هەڕەشەیەک لە ئێرانەوە بەرانبەر ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نییە.
وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات، لە کاتێکی وەک ئێستا، پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ناتوانن بچنە نێو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و بیانپشکنن.
شەممە، 28ـی حوزەیران 2025، عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەراوێزی بەخاکسپاردنی فەرماندە و زانا ئیرانییەکان، لە لێدوانێکدا، باسی لەوە کرد، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆکار بوو تا ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران.
ڕاوێژکاری خامنەیی ئاماژەی بەوە دا، گرۆسی خیانەتی کردووە و نابێت ڕێگەی پێ بدرێت سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات، هەروەها بڕیاری پەرلەمانی ئێرانیش بۆ هەڵپەساردنی هاوکاریکردنی ئاژانسەکە، بڕیارێکی باشە.