وەزارەتی کشتوکاڵ: بەکارهێنانی نایلۆن لەکاتی کارکردن لە زەوییەکشتوکاڵییەکان ڕێگە پێدراو نییە

وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، نابێت نایلۆن لەکاتی کارکردن لە زەوییە کشتوکاڵییەکان بەکاربهێندرێت، دەستەی ژینگەش باس لەوە دەکات، پێویستە ڕێگری لەم دیاردەیە بگیرێت.
لە نووسراوێکدا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە، خاوەن پڕۆژەکان لە زەوییە کشتوکاڵییەکان لەکاتی کارکردن لەسەر زەوی کشتوکاڵی هەڵدەستن بە بەکارهێنانی نایلۆن بۆ چاندنی بەروبوومی کشتوکاڵی لەسەر زەوی.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵدا هاتووە، دوای بەرهەم هاتنی بەروبوومەکان پاشماوەی نایلۆن و کەرستەکانی تر دەکەوێتە ژێر گڵ یاخود دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگەی دەورووبەری، هەربۆیە ئاگاداری گشت هۆبە و لقە کشتوکاڵییەکان دەکەینەوە ڕێگری لەو دیاردەیە بکرێت و ڕێککاری یاسایی بەرانبەر ئەنجامدەرانی بگرێتەبەر.
سەنعان عەبدوڵلا، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پشتگیری لە نووسراوی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، چونکە بەکارهێنانی نایلۆن نەک سوودی بۆ خاک و ڕووەکی زەوی نییە، بەڵکوو زیانی زۆری هەیە و دوای چەندین ساڵ زیانەکان لەسەر خاک دەردەکەوێت.
سەنعان عەبدوڵلا، باسی لەوە کرد، چەند ساڵێک پێش ئێستا بە فەرمی داوای قەدەغەکردنی ئەم دیاردەیەمان کردووە، هەروەها پێویستە هەڵمەتێکی گشتگیر هەبێت، بۆ ئەوەی جوتیاران و هاووڵاتییان لە زیانەکانی بەکارهێنانی نایلۆن ئاگادار بکرێنەوە و ڕێگە لێ بگیرێت.
بەگوتەی شارەزایانی کشتوکاڵی بەکارهێنانی نایلۆن لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا دەبێتە هۆی پیسبوونی خاکەکە و ژەهراوی بوونی، ئەمە جگەلەوەی بەپیتی زەوییەکە ناهێڵێت.