کەناڵی 14: ناتانیاهۆ و ترەمپ هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا و تورکیا دەدەن

کەناڵی 14 بڵاوی کردەوە، ئەو نەخشەڕێگایەی لە لایەن ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاسایی کردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داڕێژراوە، لە چەند مانگی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت و لە سووریا و تورکیاوە دەست پێ دەکات.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاو لە وتوێژ لەگەڵ ئیسرائیل و دیمەشق بەدی هاتووە.
تەلئەڤیڤ و واشنتن لەوە تێ گەیشتوون کە ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سووریا کەمتر بایەخ بە کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دەدات و زیاتر حەزی لە هەڵگرتنی سزاکانی ئەمەریکایە بۆ سەر وڵاتەکەی.
کەناڵەکە ڕوونی کردەوە، لەلایەکی دیکەوە ئەمەریکاییەکان هەوڵ دەدەن ئاساییبوونەوە لەگەڵ سووریا ببەستنەوە بە باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا.
لە بەیاننامەیەکی تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەنقەرە، کە هاوکات وەک نێردەی تایبەتی سەرۆک ترەمپ بۆ سووریا کار دەکات، دەڵێت: ڕەنگە ناکۆکییەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە سەبارەت بە دابینکردنی فڕۆکەی ئێف-35 بۆ تورکیا بەم زووانە چارە بکرێت. سەبارەت بە لوبنان، دۆخەکە ئاڵۆزترە و تاڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە پێگەیشتنی ئەو پرۆسەیەی کە پەیوەندی بە چەکداماڵینی حزبوڵڵای لوبنانەوە هەیە و هێشتا بەدی نەهاتووە. بەڵام حکوومەتی بەیروت و بەتایبەتی ئیدارەی ئەمەریکا هێشتا دەستبەرداری ئەو ئامانجە نەبوون.
کەناڵی 14ی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، لە قۆناغی داهاتووشدا سعوودیە بەشداری ئەو پلانە دەکات، بەڵام تا کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە ئەو کارە ناکات، ئەمەش بەهۆی ڕای گشتیی لەناو شانشینەکەدا.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی تەلئەڤیڤ، پێشبینی دەکرێت کۆتایی شەڕەکە لە چەند مانگی داهاتوودا ڕوو بدات، جا چ لە ڕێگەی سەرکەوتنی سەربازییەوە بێت، یان خۆڕادەستکردنی حەماسەوە.
هەروەها بە پشیتوانیی سعوودییە، گەورەترین وڵاتی ئیسلامی، واتە ئیندۆنیزیا لەگەڵ پاکستان بەشداری ئەم پلانە بکەن.
سەبارەت بە پاکستان بابەتەکان ئاڵۆزترن، هەم بەهۆی بزووتنەوە ئیسلامییە بەهێزەکانی ناوەوەی و هەم بەهۆی پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان ئیسرائیل و هیندستان، یاخود بەهۆی دۆخی شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئیسلام ئاباد و نیودەلهی.
کەناڵەکە دەڵێت: لە هەر حاڵەتێکدا بەپێی ئەو پلانانەی لە قودس و واشنتن داڕێژراون، بڕیارە هەموو ئەمانە لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا تا ساڵێک ڕوو بدەن. ئەمە ئامانجێکی ئەوپەڕی گەشبینانەیە، بەڵام لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە خێرا و دراماتیکییەکانی ناوچەکە، لەوانەی هەموو ئەوانە ڕوو بدەن.