فوئاد حوسێن و فارس عیسا چارەکردنی کێشەکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان تاوتوێ كرد

وەزیرى دەرەوەى عێراق و سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکوومەتى هەرێمی كوردستان له‌ به‌غدا ئەنجامەکانی گفتوگۆکانى ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا و چۆنیەتی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان تاوتوێ ده‌كه‌ن.

دووشه‌ممه‌، 30ـی حوزه‌یرانی 2025، فوئاد حوسێن، جێگرى سەرۆک وەزیران و وەزیرى دەرەوەى عێراق لە نووسینگەى خۆى لە بەغدا، لەگەڵ فارس عیسا، سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا، کۆ بووەوە و هه‌ردوولا ئەنجامەکانی گفتوگۆکانى ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا و چۆنیەتی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانیان بە پێی یاسا و دەستوور، تاوتوێ كرد.

فارس عیسا جەختى لەسه‌ر پابەندبوونى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ چارەكردنى سەرجەم کێشەکان لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی گفتوگۆى بونیاتنەر و پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا، کردەوە.

وەزیرى دەرەوەى عێراق هاوكات ستایشى هەوڵەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستانی بە سەرۆکایەتىی مەسرور بارزانی بۆ زاڵبوون بەسەر هەموو کێشە و ناکۆکییەکان لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی نیشتمانیدا کرد.

 
 
Fly Erbil Advertisment