هاوپەیمانی کریستیان: هەبوونی میلیشیا چەکدارەکان لە دەشتی نەینەوا هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و ژیانی کریستیانەکان

هاوپەیمانی کریستیان بانگەوازێک ئاراستەی سەرکردەکانی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکات و داوای کشانەوەی دەستبەجێی میلیشیا چەکدارەکان دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2025، هاوپەیمانی کریستیان لە ڕاگەیەندراوێکدا، بانگەوازێک ئاراستەی سەرکردەکانی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەکات، هاوپەیمانی کریستیان داوادەکات پێشێلکارییەکانی میلیشیاکان ڕابگرن و نوێنەرایەتی ڕاستەقینە بۆ کریستیانیەکانی عێراق بپارێزن، هەروەها، بانگەوازێک ئاراستەی سەرۆک بارزانی و سەرجەم سەرۆکایەتییەکانی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش و یەکێتی ئەوروپا کرد، بۆ ئەوەی دەستبەجێ دەستێوەردان بکەن و دادپەروەری بۆ گەلی کریستیان کلدان و ئاشووری و سوری و ئەرمەنی دابین بکەن.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە
هاوپەیمانی مەسیحی بانگەوازێک ئاراستەی سەرکردەکانی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات: «پێشێلکارییەکانی میلیشیاکان ڕابگرن و نوێنەرایەتی ڕاستەقینە بۆ مەسیحییەکانی عێراق بپارێزن».
هاوپەیمانی مەسیحی لە عێراق بەیاننامەیەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە، بانگەوازێک ئاراستەی رێزدار جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرجەم سەرۆکایەتییەکانی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش و یەکێتی ئەوروپا کرد، بۆ ئەوەی دەستبەجێ دەستوەردان بکەن و دادپەروەری بۆ گەلی مەسیحی (کلدان و ئاشووری و سوری و ئەرمەنی) دابین بکەن.
هاوپەیمانی ڕوونیشیکردەوە، سەرجەم ئەو یاداشت و داواکارییانەی لەماوەی ڕابردوودا پێشکەشی ئۆرگانە فەرمییەکانی عێراقی کردووە، لەوانەش هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و سەرۆکایەتی دادگای فیدراڵی و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی نەبووە، بەمەش دڵەڕاوکێ و بێزاری لەنێو کۆمەڵگەی کریستیان گەورەتر کردووە.
لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە بەردەوامی بوونی میلیشیا چەکدارەکان لە شارۆچکەکانی دەشتی نەینەوا هەڕەشەیەکی ئاشکرایە بۆ سەر ئاسایش و ژیانی شایستە بۆ کریستیانەکان وپێکهاتە رەسەنەکانی دەڤەرەکە، داوای کشانەوەی دەستبەجێی ئەم میلیشیایانە و تەرخانکردنی ئاسایشی تایبەت بە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی دەستووری کرد، دڵنیابوون لە پاراستنی ناوچە کریستیانیەکان لە دەستوەردانی ئاشکرای میلیشیەکان.
سەبارەت بە نوێنەرایەتی هەڵبژاردنیش هاوپەیمانی کریستیان جەختی لە پێویستی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی ڕاستەقینە و ئازاد لە رێگای:
دامەزراندنی تۆماری هەڵبژاردنی جیا بۆ دەنگدەرانی کریستیان بە تۆمارکردنی ئازادانەی رۆلەکانی پێکهاتەی کریستیان.
تەرخانکردنی سندوقی دەنگدانی جیاواز و کاغەز وکارتی دەنگدانی جیا بۆ دڵنیابوون لە ڕێگریکردن لە دەستوەردانی دەرەکی، کەواتە تەنها کریستیان بۆی هەیە دەنگ بدات بە کریستیان.
لەبەرچاوگرتنی هەر پارێزگارێک کە کۆتای پێکهاتەی کریستیان دەیگرێتەوە وەک بازنەی هەڵبژاردنی جیا هەژمار بکرێ.
هاوپەیمانی هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر پێش هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی 2025 ئەم چاکسازییانە نەتوانرێت جێبەجێ بکرێن، پێویستە هەڵبژاردن بۆ ئەو پێنج کورسییەی کە بۆ کۆتای پێکهاتەی کریستیان تەرخانکراون دوابخرێت، تا ئەو گەرەنتیانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە بۆ دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتیی ڕاستەقینە، دوور لە هەژموونی میلیشیاکان، دەبێت زامن بکرێن بۆ بەدیهێنانی نوێنەرایەتی راستەقینەی پێکهاتەی کریستیان لە پەرلەمانی فیدرالی لە بەغدا.
هەروەها بەیاننامەکە بە ڕاشکاوانە هەندێک لە میلیشیاکان و کوتلە چەکدارەکان تۆمەتبار کراون بە بەکارهێنانی پارەی گەندڵ کە بە قاچاخی دراو و بازرگانی نایاسایی بە ئاڵتون و ماددە هۆشبەرەکان کۆکراون، هاوشانی بەکارهێنانی مووچەی زەبەلاحی ملیشیاکان بە ساختە، بۆ کڕینی ویژدان و دەنگ و ترساندنی سەرکردەی کەنیسە وسەرکردە ڕەسەنەکانی سیاسی کریستیانەکان.
لە کۆتایی بانگەوازەکەدا هاوپەیمانی پەیامێک ئاڕاستەی ویژدانی مرۆڤایەتی کرد ؛“داواتان لێدەکەین، بەناوی مرۆڤایەتییەوە، گوێ لە بانگەوازی گەلێک بگرن کە بنەچەی ئەم وڵاتە و هەڵگری شارستانیەتێکی گەورەن، هەروەها بەرپرسیارێتی مێژوویی و ئەخلاقی خۆتان لە پاراستنی بوون و مافەکانیان هەڵبگرن”.