وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: شەڕی غەززە نزیکە لە کۆتایی

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، شەڕی ئێستای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە نزیکە لە کۆتایی.
کاتز، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئێمە ئێستا لە کۆتایی ئۆپەراسیۆنی غەززە نزیک دەبینەوە، ئەمەش دوای هەفتەیەک لە کۆتاییهاتنی جەنگی ئیسرائیل دژی ئێران."
کاتز، ئامانجەکانی ئیسرائیلی لەو ململانێیەدا دووپات کردەوە، لەوانەش ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراوەکان و شکستی حەماس.
بەپێی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ناوبژیوانانی قەتەر گەشبینن بە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەڵام ئیسرائیل هێشتا لە بنەمای ئەو گەشبینییە تێ نەگەیشتووە.
سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیۆم، ئاشکرایان کرد، لە کۆبوونەوەی دوێنێی کابینەی حکوومەتدا، شایەتحاڵی ئەوە بوون، چەند وەزیرێک دووپاتیان کردۆتەوە، ئامانجەکانی شەڕی غەززە هێشتا بەدی نەهاتووە، جەختیان لەسەر پێویستی درێژەدان بە فشارە سەربازی و سیاسییەکان کردووەتەوە.
لەبەرامبەردا، سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل لە میانی کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندنێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا شەڕەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە، ئەمەش دەرگا بەڕووی گفتوگۆی ڕەخنەگرانەدا کردەوە سەبارەت بە قۆناغی داهاتوو.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕۆژی پێنجشەممە ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی نوێ دەکات لەو کۆبوونەوەیەدا چاوەڕوان دەکرێت بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە ڕەوتی شەڕی غەززە بدرێت، لەوانەش ڕێوشوێنی مەیدانی و سیاسی.