ڕووسیا: دەمانەوێت بە ڕێگەی دیپلۆماسی ئامانجەکانمان لە ئۆکرانیا بەدی بهێنین

گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا جەخت دەکاتەوە، دەیانەوێت بە ڕێگەی دیپلۆماسی ئامانجەکانیان لە ئۆکرانیا بەدی بهێنن. هاوکات سوپاسی ئەمەریکاش دەکات لە هەوڵەکانی بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە.
سێشەممە، 01-07-2025، دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کریملن) لە نوێترین لێدوانی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لە جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا و هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، کرد.
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا گوتی: "ئەستەمە بتوانین باس لە خێراکردنی بەرچاو لە دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینادا بکەین." گوتیشی: "دواخستنی دانوستانەکان، لە بەرژەوەندیی ڕووسیادا نییە."
پیسکۆڤ دووپاتی کردەوە "ڕووسیا جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ ئۆکرانیا بەدیهاتووە، نە خاو دەکاتەوە، نە ڕایاندەگرێت. ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەی سیاسی و دیپلۆماسییەوە، بگەین بە ئامانجەکانمان لەو دۆخەی، لە ئۆکرانیا هەیە."
گوتەبێژی کۆشکی کریملن ستایشی رۆڵی ئەمەریکای کرد و گوتی: "ڕووسیا سوپاسگوزاری ئەمەریکایە بۆ هەوڵەکانیان لە پێناو، درێژەدان بە دانوستان لەپێناو یەکلاییکردنەوەی قەیرانی ئۆکرانیادا." لەبارەی هێرشەکانی ئۆکرانیاش بۆ سەر ڕووسیا، ئەوەی خستە ڕوو "مۆسکۆ هێرشەکانی ڕژێمی کیێڤ بۆ سەر ناوچە سڤیلنشینەکان بە توندی سەرکۆنە دەکات."
پیسکۆڤ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، لەوانەیە ئەمڕۆ سێشەممە، 01-07-2025، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێودەوڵەتی بکات کە دواتر وردەکارییەکەی دەخەنە ڕوو.